
دادگای باڵای فیدراڵی بڕیارێکى رژێمى بەعسى لە بارەى ڕێگریکردن لە کڕینى موڵک لەناو عێراق بۆ کەسانى بیانى هەڵوەشاندەوە.
دادگاکە ڕایگەیاند، کەسانى بیانى دەتوانى موڵک لە عێراق بکڕن و بە سەرمایەکانیان وەبەرهێنان بکەن
دادگای باڵای فیدراڵی ڕاگەیێنراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژە بەوە دەکات، دادگای باڵای فیدراڵی بە سەرۆکایەتی دادوەر مونزیر ئیبراهیم حسێن و بە ئامادەبوونی تەواوی ئەندامانى دادگاکە ئەنجامداوە و بڕیارێکى ڕژێمى بەعسیان لە بارەى کڕینى موڵک و وەبەرهێنان لە کۆمپانیاکانى عێراق لەلایەن کەسانى بیانى، هەڵوەشاندووەتەوە.
دادگاکە دادبینى بۆ داوایەک کردووە کە لەلایەن سەرۆکوەزیرانى عێراقەوە لەسەر سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران تۆمار کرابوو.
سەرۆکوەزیران داواى لە دادگا کردبوو بڕیار لە نا دەستووربوونی بڕیاری ژمارە 23ـى ساڵى 1994ـى ڕژێمى بەعس بدات کە کۆت و بەندى کڕینى موڵک و ماڵ لەلایەن کەسانى بیانییەوە لە عێراق دەکات.
ئەو بڕیارەى تانەى لێدراوە پێچەوانەى ئەحکامەکانى ماددەکانى 23 و 25 و 26ـى دەستوورى عێراقە و بڕیارەکەش حوکمى کۆتایى وەرگرتووە.
ماددەکانى دەستوورى عێراق لەو بارەیەوە دەوڵەت پابەند دەکات بە هاندانى وەبەرهێنان و گەشەپێدان لە کەرتى تایبەت و ئەنجامدانى چاکسازیى لە ئابووریى عێراق بە گوێرەى بنەما ئابوورییە هاوچەرخەکان.
