
لە پێشبڕکێی جیهانییەکانی لەشی جوانی و لەسەر ستەیجی مەزنی وڵاتی ئیسپانیا، ڕووداوێکی مێژوویی و سەرنجڕاکێش سەرنجی سەرجەم میدیا جیهانییەکانی ڕاکێشا، کاتێک پاڵەوانێکی بەتەمەنی ژاپۆنی کە تەمەنی گەیشتووەتە 90 ساڵ، توانی بە شێوازێکی پڕ لە وزە و ئیرادە نمایشی بەهێزی خۆی پێشکەش بکات و سنورەکانی تەمەن تێپەڕێنێت.
تۆشیسوکی کانازاوا، یاریزانی بەتەمەنی ژاپۆن، کە لە مێژووی وەرزشدا وەک هێمایەکی بەرگری و بەردەوامی دەناسرێت، لەو پاڵەوانێتییە جیهانییەدا کە لە شاری سانتا سوسانای اسپانیا بەڕێوەچوو، توانی بەربەستەکانی تەمەن بشکێنێت.
دوای پێشکەشکردنی نمایشێکی سەرنجڕاکێش و بەدەستهێنانی میدالیای بەشداری، سەلماندی که خولیای وەرزش و لەشی جوانی هیچ سنوورێک ناناسن و تەمەن تەنها ژمارەیەکە.
ئەم ڕووداوە لە کاتژمێرەکانی سەرەتای بەیانیی ئەمڕۆدا لە ڕێگەی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزەوە بڵاوکرایەوە و کاردانەوەیەکی گەورەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێکەوتەوە.
زۆرێک لە بەکارهێنەران سەرسامی خۆیان بەم ئیرادە پۆڵایینییە دەربڕی و ستایشی ئەو وزە زۆرەیان کرد کە ئەم وەرزشوانە تەمەن 90 ساڵەیە لە تەمەنی پیریدا پێشکەشی جیهانی دەکات.
بەڵام خەڵک پرسیاریان کردبوو، ئەرێ نهێنییەکە چییە؟ چۆن لە 90 ساڵی ئاوا گەنج ماوەتەوە و لە سرووشتی مرۆڤدا دەگمەنە، ئەو یاریزانە گوتی، لەوەتەی بووم بە 50 ساڵ، خورادنی خراپم نەخواردوە، رۆژانە برنجی قاوەیی، سۆیا، سوپی تەندروست، شتی فرێش، سەوزە و میوەی فرێش، ئاو خواردنەوەی زۆر، هاتوچۆ لەناو سروشت، یۆگا و دەرزی ئاژنین ئەنجامدەدات.