
بەهۆی هێرشەکانی ئێران دوو کەس لە بەحرەین برینداربوون.
ئێران هێرشی کردە سەر ناوەندێکی پیشەسازیی مەدەنیی بەحرەینی.
حکومەتی بەحرەین: یەکێک لە بریندارەکانی دۆخی تەندروستی ناجێگیرە.
وەزارەتی ناوخۆی بەحرەین لە پەڕەی فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، هێرشە سەربازییەکانی ئێران بووەتەهۆی بە ئامانجگرتنی "ناوەندێکی پیشەسازیی مەدەنی" لە وڵاتەکەی و بەو هۆیەوە دوو هاوڵاتی کە یەکێکیان بە ڕەچەڵەک پاکستانییە، برینداربوون.
وەزارەتی ناوخۆی بەحرەین باسی لەوەشکرد، هەردوو بریندارەکە ئێستا لەژێر چاودێریی پزیشکدان و چارەسەر وەردەگرن.
دەشڵێت، دۆخی تەندروستیی هاوڵاتییە پاکستانییەکە ناجێگیرە.
شەوی ڕابردوو سوپای پاسدارانی ئێران بڵاویکردەوە، هێزەکانی ئەمریکا بە سوود وەرگرتن لە فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری F-16، و F-35، چەندین هەلیکۆپتەر و درۆنە جیاوازەکانی، هەوڵیاندا ئاسانکاری بکەن بۆ تێپەڕبوونی کەشتییە بازرگانییەکان بە رێگای نایاسایی لە گەرووی هوورمز.
ڕایانگەیاند، وەک وەڵامێک بۆ هێرش و هەنگاوەکانی ئەمریکا، هێرشیان کردووەتە سەر دوو ڕاداری سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئەمریکا لە بنکە ئاسمانییەکانی ڕەفاع و عەوالی لە بەحرەین.
ئەمریکا ڕەتیکردەوە کە هیچ ڕادار و کەرەستەیەکی سەربازییان لەلایەن ئێرانەوە پێکرابێت و دەڵێن هیچ فڕۆکە و درۆنێکیان نەخراوەتە خوارەوە .
ئەوانەش لە کاتێکدان هەوڵە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێران بەردەوامە، بەڵام دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە فۆکس نیوزی ڕاگەیاند، ئەگەر لەگەڵ تاران نەگەنە ڕێککەوتن، خواستی هەیە دوای سەری ساڵ هێرش بکاتەوە سەر ئێران.

