
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی ئێمە و هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانان و دواتر هێزە عیراقییەکان، جێگری خەلیفەی داعش کوژرا، بەڵام لە راگەیەندراوەکەی سودانیدا ئاماژە بە رۆڵی سەرەکیی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان نەدراوە".
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە، دوای چەندین ساڵ بەدواداچوون و بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانان و دواتر لەگەڵ هێزەکانی عێراق، جێگری خەلیفەی داعش و بەرپرسی داعش لە عێراق و سووریا بە ناوی 'عەبدوڵڵا مەکی موسڵیح رفیعی' ناسراو بە 'ئەبو خەدیجە' لە چالاکییەکدا کوژرا.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، "بەداخەوە لە راگەیەندراوی سەرۆکوەزیرانی عێراقدا هیچ ئاماژەیەک بە رۆڵی سەرەکیی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان نەدراوە".
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاماژە نەکردن بە رۆڵیان لەلایەن سودانییەوە بە نادیدەگرتن ناودەبات و دەڵێت، " ئاماژەیەکی باش نییە بۆ ئاسۆی هاوکاریی دامودەزگانی هەرێمی کوردستان و عێراق.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، دامودەزگاکانی سەر بە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رۆڵی کاریگەریان لە رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی تیرۆریستان لەم ناوچەیەدا هەبووە و باشترە حکومەتی عێراق زەمینەیەکی لەبارتری هاوکاری و هەماهەنگی برەخسێنێت لەپێناو پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی سەرانسەری عێراق.