
بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵ8 لە زاری چەند سەرچاوەیەک لە پۆلیس و ئاسایشی هەولێر، لە گەڕەکی فەرمانبەرانی هەولێر لەلایەن پزیشکێکەوە چوار کەس کوژراون کە سەرجەمیان ئەندامی یەک خێزانن.
سەرچاوەیەک لە پۆلیسی هەولێر لەبارەی رووداوەکەوە بە کەناڵ8ـی راگەیاند، رووداوەکە بەجۆرێک بووە ئەو کەسەی کە پیشەی پزیشکە هەڵیکوتاوەتە سەر ماڵە خەزورانی و هاوسەرەکەی خۆی و خەسو و خەزور و خوشکێکی هاوسەرەکەی کوشتووە.
لەبارەی هۆکاری رووداوەکەوە باسی لەوەکرد، "ئەو پزیشکە بە نهێنی هاوسەرگیریەکی دیکەی کردووە و هاوسەری یەکەمی پێی زانیوە و لێی تۆراوە و ماوەیەکی زۆرە کێشە لەنێوانیان هەبووە، لەبەر ئەوەی کێشەکان چارەسەرنەکراون ئەم رووداوەی لێکەوتووەتەوە".
چەند کاتژمێرێک دوای رووداوەکە ئاسایشی هەولێر بڵاویکردەوە، تۆمەتبارەکە دەستگیرکراوە و بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە بە 'دەمانچە' هاوسەری، خەسو، خەزور و خوشکی هاوسەری کوشتووە.