
ئەلینا حەبە ڕووبەڕووی لێکۆڵینەوە و گومانێکی گەورە بووەتەوە.
ئەلینا حەبە گرێبەستێکی 50 ملیۆن دۆلاری لەگەڵ کچی خاوەن بانکێکی سزادراوی ڤەنزوێلی واژۆ کردووە.
ترەمپ کارەکەى بە"قێزەون" ناوبرد و بە ڕاشکاوى قسەى لەسەر کرد.
بۆ ماوەی چەندین ساڵ، ئەلینا حەبە (پارێزەری بەڕەچەڵەک عێراقی) نزیکترین و دڵسۆزترین کەسی ناو بازنەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بوو. بەڵام گرێبەستێکی 50 ملیۆن دۆلاری هەموو شتێکی تێکدا.
کچی خاوەن بانکێکی سزادراوی ڤەنزوێلی پەنا دەباتە بەر ئەلینا حەبە تاوەکو لێخۆشبوونی سەرۆکایەتی بۆ باوکی بەدەستبهێنێت.
لەو چوارچێوەیەدا حەبە گرێبەستێکی خەیاڵیی 50 ملیۆن دۆلاری واژۆ دەکات.
تەنیا دوو هەفتە دوای ئەوە، ترەمپ بڕیاری لێخۆشبوون بۆ باوکی دەردەکات.
هەموو واشنتن کەوتە پرسیار: ئایا 50 ملیۆن دۆلارەکە نرخی کڕینی واژۆکەی ترەمپ بوو؟
بەڵام شۆکە گەورەکە کاتێک ڕوویدا کە ترەمپ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە ناکاو پشتی لە پارێزەرەکەی کرد و بە تووڕەییەکی زۆرەوە گوتی "ئەوەی ئەو کردی کارێکی قێزەون و ئابڕووبەرانە بوو! پەیوەندییەکانی خۆی بەکارهێنا تاوەکو بڕە پارەیەکی لە ڕادەبەدەر وەربگرێت. بە هیچ شێوەیەک جێگەی قبووڵ نییە".

لێخۆشبوونی سەرۆکایەتی لە ئەمریکا، بەگوێرەی ماددەی دووەمی دەستوور، دەسەڵاتێکی ڕەها و تایبەتە بە دەست سەرۆکی وڵاتەوە، کە ڕێگەی پێدەدات بە تەنیا یەک واژۆ سزای هەر تاوانبارێکی فیدراڵی بسڕێتەوە یان سووکی بکات بەبێ ئەوەی پێویستی بە ڕەزامەندیی دادگاکان یان کۆنگرێس هەبێت.
ئەلینا حەبە، ساڵى 1984 لە شارى سومیتى ویلایەتى نیوجێرسى ئەمریکا لە خێزانێکى کلدانى عێراقى لە دایکبووە، لە مانگی یەکی ساڵی 2025، وەک ڕاوێژکاری سەرۆک دەستنیشان کرا، هەنگاوێک کە ڕەنگدانەوەی ئاستى متمانەى ترەمپى بە ئەلینا دەردەخست.