
ماوەی چاوەڕوانی بۆ مانەوەى هەمیشەیی بۆ 10 ساڵ زیاد دەکات.
ئەوانەى داهاتى باشیان هەیە دەتوانن زووتر داواى مافى مانەوەى هەمیشەیى بکەن.
کۆچ لە بەریتانیا یەکێکە لەو پرسانەى زۆرترین مشتومڕى لەسەرە.
ژمارەیەکى بەرچاو لە ڕەوەندى کوردى لە بەریتانیایە.
حکومەتی بەریتانیا ڕایگەیاند، ماوەی چاوەڕوانی بۆ بەدەستهێنانی مۆڵەتی مانەوەى هەمیشەیی (ILR) بۆ 10 ساڵ درێژ دەکاتەوە بۆ بەشێکی زۆری ئەو کۆچبەرانەی بە ڤیزەی کار روودەکەنە وڵاتەکە، لە هەمان کاتدا ڕێگەی خێراتر بۆ خاوەن داهاتە بەرزەکان و کارمەندانی کەرتە سەرەکییەکان دابین دەکات.
شەبانە مەحمود، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا :
ئەم گۆڕانکارییانەی کە بڕیارە لە ساڵی 2027 دا جێبەجێ بكرێن، ئامانجیان بەستنەوەی بەدەستهێنانی مۆڵەتی مانەوەیى هەمیشەییە بە ڕادەی بەشداری و کاریگەری کۆچبەران لە بەریتانیادا.
ئەو کەسانەی ساڵانە 50 هەزار پاوەند (نزیکەی 67 هەزار دۆلار)، داهاتیان هەیە، دەتوانن دوای پێنج ساڵ داوای مانەوەى هەمیشەیی بکەن.
ئەم ماوەیە کارمەندانی کەرتی گشتیش دەگرێتەوە، بە تایبەت پزیشکان، پەرستاران و مامۆستایان.
ئەو کەسانەی داهاتى ساڵانەیان لە 125 هەزار پاوەند تێپەڕ دەکات، دەتوانن تەنیا دوای 3 ساڵ داواکارییەکە پێشکەش بکەن.
کۆچبەرانی دیکەی خاوەن ڤیزەی کار کە ناكەونە ئەم پۆلێنانەوە، دەبێت 10 ساڵ چاوەڕێ بکەن.
وەزیری ناوخۆ لەبەردەم یاسادانەراندا بەرگری لە گۆڕانکارییە تازەکان کرد و ڕایگەیاند، ئەم گۆڕانکارییانە داپەروەری بۆ سیستمی کۆچبەری دەگەڕێننەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، نزیکەی نیو سەدە لەمەوبەر دایک و باوکی لە پاکستانەوە هاتوون، جەختی لەسەر بەرپرسیارێتی خۆی کردەوە بۆ دڵنیابوون لەوەی کە سیستمی کۆچبەری پابەندە بەو بەهای دادپەروەرییەوە کە بە گوتەی خۆی بەریتانیا لەسەری دامەزراوە.
بەگوێرەى سیستمی ئێستای بەریتانیا ماوەی بنەڕەتی بۆ بەدەستهێنانی مۆڵەتی مانەوەى هەمیشەیی (ILR) بۆ زۆربەی خاوەن ڤیزەکانی کار پێنج ساڵە.
"بۆ ناشیرینکردنى کوردە" ڤیدیۆی بەلەمێکی کۆچبەران لە بەریتانیا هەرای ناوەتەوە
