بانگەشەى هەڵبژاردن لە ئێران دەستیپێکرد

بانگەشەى هەڵبژاردن لە ئێران
بانگەشەى هەڵبژاردن لە ئێران

بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی دوازدەیەمی پەرلەمانی ئێران لە نێوان 15 هەزار و 200  بەربژێر بۆ بەدەستهێنانی 290 کورسی پەرلەمانی بە فەرمی دەستیپێکرد.

12%ى بەربژێرەکان ئافرەت و 88%یان پیاون، ئەمە لە کاتێکدایە کە 88 کورسی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریش یەکلا دەکرێتەوە و کێبڕکێکە بۆ بەدەستهێنانی ئەو 88 کورسییە تەنیا لە نێوان 138 بەربژێرە کە بڕوانامەکانیان پشتڕاستکراوەتەوە.

ژمارەی ئەو کەسانەی مافی دەنگدانیان هەیە

بەگوتەی بەرپرسی ناوەندی هەڵبژاردنەکانی ئێران، 61 ملیۆن و 172 هەزار و 298 کەسی دەتوانن بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و لەم ژمارەیە 30 ملیۆن و 945 هەزار و 133 پیاو و 30 ملیۆن و 227 هەزار و 165  ژن هەیە.

لەم خولەدا لە %75ی ئەو کەسانەی ناوی خۆیان بۆ بەشداریی لەم کێبڕکێیە تۆمارکردبوو، بڕوانامەکەیان لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزەرانی دەستوورەوە پشتڕاستکراوەتەوە.

ژمارەی بنکەکانی دەنگدان

وەزارەتی ناوخۆی ئێران رایگەیاند: نزیکەی 59 هەزار بنکەی دەنگدان لە 31 پارێزگا دانراون، لەو ژمارەیەش 15 هەزاریان گەڕۆک و 44 هەزاریان جێگیرن، 35 هەزار لقی شار و 24 هەزار لقی گوندنشین هەیە.

بڕیارە رۆژی هەینی رێکەوتی 1 ئازاری 2024 هەڵبژاردنەکە بەڕێوەبچێت.

میدیاکان و بەرپرسانی حکومەتی ئێران، نیگەرانی خۆیان لە بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی خولی دوازدەیەم نەشاردووتەوە هەر بۆیە جەختکردنەوەیان لەسەر کوالیتیی پەرلەمان نییە بەڵکو لەسەر چەندایەتی بەشداریکردنە.

ئەوە لەکاتێکدایە هەڵبژاردنەکانی خولی یازدەیەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێران بە بەراورد بە 10 خولی پێش خۆی کەمترین ڕێژەی تۆمارکرد بە لە 42.57%.

راپرسییە فەرمییەکان چی دەڵێن؟

بەگوێرەی نوێترین راپرسیی ئاژانسی فەرمی خەبەر ئۆنلاین، ئەگەر هەیە رێژەی بەشداریی لە هەڵبژاردنەکە لە هەموو ئێران 30% بێت.

لە پارێزگای تاران پێشبینیدەکرێت رێژەی بەشداریکردن بەنزیکەیی 22% و لە شاری تاران 15% بێت، ئەمەش لە کاتێکدایە لە مانگەکانی پێشوودا پێشبینی دەکرا رێژەی بەشداریکردن لە هەموو ئێران 36% بێت.

بەشێکی راپرسییەکە ئاماژە بەو هۆکارانە دەکات کە بەشداربووانی ئەم راپرسییە لەبەر ئەم هۆکارانە بەشداری هەڵبژاردنەکانی داهاتوو ناکەن؛ ئەو هۆکارانەش بریتین لە "پەرلەمان و هەڵبژاردن کارا نییە"، "گەندەڵی بووەتە هۆی بەشدارینەکردن" و "نائومێدبوون لە ئایندەی وڵات".

هەمان ئەو %30 کە رایانگەیاندووە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکەن، پرسیاریان لێکرا کە "راسپاردەکانی کێ کاریگەرن لە دەنگدانەکەتدا؟" لە وەڵامەکانی ئەم پرسیارەدا کاریگەری راسپاردەی ئەحمەدی نەژاد بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردندا لەچاو ئیبراهیم ڕەئیسی زیاتر بوو؛

ئیبراهیم رەئیسی 30%

محەمەد باقر قالیباف 20%

مەحمود ئەحمەدی نەژاد 36%

حەسەن رۆحانی 10%

محەمەد خاتەمی 16% بووە

دوای ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ساڵی 2022، کۆماری ئیسلامی هەموو هەوڵێکی ئەوە بوو لە 2023 ساڵێکی تاڕادەیەک ئارام بەسەر ببات، بەڵام سەرەڕای کردنەوەیەکى لە بواری سیاسەتی دەرەوە لە ناوچەکەدا، هێشتا ئاستەنگەکان لە ناوخۆ و دەرەوە بەردەوامن.

دۆخی دراو لە خراپترین حاڵەتدایە و بەڕێژەیەکی سەرسووڕهێنەر بەهاکەی لەدەستداوە. نادڵنیایی لە بڕیارەکان سەبارەت بە یارمەتییەکان بۆ هەژاران، هەڵاوسان و بەردەوامبوونی قەیرانی سندوقەکانی خانەنشینی، بەردەوامبوونی ململانێکان سەبارەت بە حیجاب و بەردەوامبوونی ناڕەزایەتییەکانی مامۆستایان و گروپەکانی دیکە، ئەو ئاڵنگارییانە کە پێدەچێت بەرۆکی هەڵبژاردنی ئەم خولە بگرێت.

هەڵبژاردن لە رۆژهەڵاتى کوردستان:

لە پارێزگای کرماشان:

278بەربژێر بۆ بەدەستهێنانی 8 کورسی کێبڕکێ دەکەن.

یەک ملیۆن و 600 هەزار کەس لەم پارێزگایەدا مافی دەنگدانیان هەیە و 1660 بنکەی دانگدانیشیان بۆ ئامادەکراوە.

لە پارێزگای ئیلام:

سکرتێری مەڵبەندی هەڵبژاردنەکانی پارێزگای ئیلام رایگەیاند: ژمارەی بەربژێرەکانی خولى 12ی هەڵبژاردنی پەرلەمان لەم پارێزگایە 88 کەس کە تەنیا 4 لە بەربژێرەکان دەتوانن لەسەر کورسی پەرلەمان دانیشن.

زیاتر لە 500 هەزار کەس لەم پارێزگایە مافی دەنگدانیان هەیە.

لە پارێزگای سنە:

سکرتێری ناوەندی هەڵبژاردنەکانی پارێزگای سنە رایگەیاند: ئەنجامی کۆتایی پشتڕاستکردنەوەی بڕوانامەکان، ژمارەی بەربژێرەکانی قۆناغی دوانزەیەمی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی ئیسلامی لە پارێزگاکە 184 کەسە کە بۆ بەدەستهێنانی 6 کورسی پەرلەمانی کێبڕکێ دەکەن و لەم ژمارەیە تەنیا 18 کەسیان ژنن.

لە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا:

لە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا 184 کەس بۆ بەدەستهێنانی 12 کورسی پەرلەمانی دەچنە کێبڕکێکەوە.

Loading related news...