
فراكسیۆنی پارتی بەبۆنەی دوو ساڵەی هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان ڕاگەیێنراوێکى بڵاوکردەوە.
فراکسیۆنى پارتى داواى هەڵبژاردنى دەستەى سەرۆکایەتیى پەرلەمان دەکات.
فراکسیۆنى پارتى داواش دەکات کاراکردنەوەى پەرلەمان بە پرسى دیکەوە نەبەسترێتەوە.
فراكسیۆنی پارتی لە ڕاگەیێنراوەکەدا ئاماژەى بەوەکردووە، دواى دوو ساڵ لە هەڵبژاردن، "بەداخەوە تاوەکو ئێستا پەرلەمانی كوردستان كارا نییە و نەیتوانیوە بە ئەركە یاساییە چاوەڕوان لێكراوەكانی لە سیستەمی حوكمڕانی هەرێمی كوردستاندا هەڵبستێت".
جەخت لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕمان لە ڕێزگرتنی بنەماكانی دیموكراسی و كارایی دامەزراوەكان دەكەینەوە.
دووپاتی دەكەینەوە كە هەمیشە ئامادەی كاراكردنەوەی پەرلەمان و گرێدانی كۆبوونەوەكانی بووین.
هەمیشەش خاوەن و پشتگیریكاری هەموو هەنگاو و دەستپێشخەرییەك بووین كە بۆ ئەم مەبەستە پێشكەشكراون.
بانگێشتی سەرجەم فراكسیۆنە بەڕێزەكانی پەرلەمانی كوردستان دەكەین، تاوەکو هەرچی زووە پێكەوە بە ئەركە مێژوویی و یاساییەكەی خۆمان هەڵبستين.
هەنگاو بنێین بۆ تەواوكردنی ڕێكار و ئەركەكانی دانیشتنی یەكەمی پەرلەمان و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتییەكەی.
وەك سەرەتایەكی گرنگ بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان.
ئەركی پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان و بەرژەوەندییە باڵاكانی، لە ئەستۆی سەرجەم فراكسیۆن و ئەندامانى پەرلەمانە.
كاراكردنەوەی پەرلەمان نابێت ببەسترێتەوە بە هیچ بەرژەوەندی و ململانێیەكی سیاسیی و حیزبییەوە.
لە كۆتاییدا، فراکسیۆنى پارتى هیوادارە "ئەم دۆخە نالەبارە تێپەڕێت" و بە دیدێكی هاوبەش بۆ پێشخستنی بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستان، هەمووان پێكەوە بە كاراكردنەوەی پەرلەمان ڕێز لە ماف و ئیرادەی خەڵكی كوردستان بگرن.
يەکەم دانیشتنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە دووى کانوونی یەکەمی2024 بەڕێوەچوو. پەرلەمانتاران سوێندى دەستبەکاربوونیان خوارد بەڵام دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵنەبژێردرا و دانیشتنەکە بە کراوەیى بەجێهێڵدرا.



