کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان بەرامبەر تەقینەوەکانی ئێران

تەرمی ژمارەیەك لە كوژراوانی دوو تەقینەوەكەی شاری كرمان لە ئێران لە یادی كوژرانی قاسم سولەیمانی.  فۆتۆ: AP
تەرمی ژمارەیەك لە كوژراوانی دوو تەقینەوەكەی شاری كرمان لە ئێران لە یادی كوژرانی قاسم سولەیمانی. فۆتۆ: AP

تەقینەوەی دوو بۆمب لە شاری کرمانی ئێران، لە چوارەمین ساڵڕۆژی مەرگی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، کە بووە هۆی کوژرانی لانیکەم 95 هاوڵاتی ئێرانی، کاردانەوەی جیهانی بەدوای خۆیدا هێنا و یەکێتیی ئەورووپا، رووسیا، سعودیە، فەڕەنسا، تورکیا و چەندین وڵاتی دیكە، هاوسۆزی خۆیان دەربڕی.

دوابەدوای تەقینەوەکان و لە قەڵەمدانی وەک کردەیەکی تیرۆریستی، نرخی نەوت لە جیهاندا بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی، راپۆرتە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوەدەكەن، لەم دوو تەقینەوەدا 103 کەس کوژراون و 211 کەسیش بریندار بوون، بەڵام وەزیری تەندروستی ئێران ئەو ئامارانەی رەتکردەوە و رایگەیاندووە، ژمارەی کوژراوانی رووداوەکەی 95 کەسن.

هەرزوو واشنتن رەتیکردەوە دەستوەردانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە تەقینەوەکاندا هەبێت، تاوەكو ئێستا هیچ تاک و گرووپێک بەرپرسیارێتی ئەم هێرشەیان لە ئەستۆ نەگرتووە، هەرچەندە ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئێران تۆمەتەکە ئاڕاستەی ئیسرائیل دەکەن.

جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا، ئێوارەی رۆژی چوارشەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، لە  پەیوەندیەکی تەلەفۆنی لەگەڵ حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران هێرشەکانی شەرمەزارکرد و هاوسۆزی خۆی بۆ خەڵکی ئێران دەربڕی.

هاوكات وەزارەتی دەرەوەی فەرانساش رووداوەکەی بە تیرۆریستی ناوبرد و بە توندی ئیدانەی کرد، سعودیەش لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا هاوسۆزی خۆی دەربڕی و هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ بریندارەکان خواست.

ڤلادیمێر پوتین، سەرۆكی رووسیا و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، لە پەیامەکانیاندا ئەم رووداوەیان بە تیرۆریستی ناوبرد و وێڕای شەرمەزارکردنی، سەرەخۆشی خۆیان بۆ بەرپرسانی ئێران و خەڵکی ئێران دەربڕی.

ئەبرام پیلی، جێگری نووسینگەی نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رادیۆ فەردا نیگەرانی خۆی بۆ لەدەستدانی گیانی خەڵکی مەدەنی دەربڕی و رایگەیاند، واشنتن لەنزیکەوە بەدواداچوون بۆ پێشهاتەکانی ئەم پرسە دەکات.

راپۆرتەکان دان بە کاریگەریی هەواڵی ئەم هێرشەدا دەنێن لەسەر بازاڕی نەوتی جیهانی، ئاژانسی هەواڵی فەڕەنسی لە راپۆرتێکدا نووسیویەتی، دوای تەقینەوەی دوو بۆمب لە ساڵیادی قاسم سولەیمانی، نرخی نەوت 3%  بەرزبووەتەوە.

قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، چوار ساڵ پێش ئێستا لە ئەنجامی بۆردوومانێكی فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی ئەمریكا لە فڕۆکەخانەی بەغدا کوژرا، دوێنێ چوارشەممە 3ی كانوونی دووەمی 2023 كە ساڵیادی كوژرانی بوو.

لەو رۆژەدا، سەرجەم پارێزگاكانی عێراق كردیانە پشووی فەڕمی و لە ئێرانیش ژمارەیەكی زۆر خەڵك بەرەو ئەو گۆڕستانە دەچوون كە تیێدا نێژراوە لە زێدی خۆی، بەڵام تەقینەوەی دوو بۆمب و كوژران و برینداربوونی ژمارەیەكی زۆر خەڵك، ساڵیادەكەی لەبیربردنەوە.

Loading related news...