
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک داوای لێکۆڵینەوەی بەپەلە لە ڕووداوەکانی پردێ دەکات و داوای پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە و پێداچوونەوەی بەڵگەکان دەکات.
ئەمڕۆ سێشەممە، نەشئەت شاهوێز، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و سەرۆکی فراکسیۆنی (کەرکوک هێزو ئیرادەمانە)، بە نووسراوێکی فەرمی داواکارییەکی بەپەلەی ئاڕاستەی سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق کرد سەبارەت بە ڕووداو و پێکدادانە چەکدارییەکانی شارەدێی پردێ.
لە نووسراوەکەدا نەشئەت شاهوێز داوای لە سەرۆکوەزیران کردووە کە لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتی ڕووداوەکە، سرووشتی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکە و ڕێکارەکانی پاراستنی مەدەنییەکان و ئاماری وردی قوربانییان بدات.
هەروەها داواشی کردووە، لیژنەیەکی تایبەت بۆ سەردانیکردنی شارۆچکەی پردێ پێکبهێنرێت بۆ گوێگرتن لە کەسوکاری قوربانییان و شایەتحاڵەکان و پێداچوونەوە بە بەڵگەکاندا و پاشان ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بە شەفافی بۆ ڕای گشتی بڵاوبکرێتەوە.
ڕۆژی یەکشەممە، لە شارۆچکەی پردێ ڕووبەڕووبوونەوە لە نێوان چەکدارانی داعش و هێزەکانی سووپای عێراق دروست بوو، بووە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی ژمارەیەک هاووڵاتی، لەوانەش مێرمنداڵێکی تەمەن 14 ساڵان بەناوی (موراد زانا)، لەگەڵ دۆزینەوەی تەرمی گەنجێکی دیکە بەناوی (محەمەد هێمن)، کە ئەوەش نیگەرانی لای دانیشتووانی ناوچەکە دروستکردووە.
لەدواى ڕووداوەکەى پردێ چارەنووسى گەنجێکی تەمەن 15 ساڵ نادیارە
داوای لێکۆڵینەوە لە کوژرانی موراد زانا لە پردێ دەکرێت
دژەتیرۆرى عێراق: لە پردێ ڕووبەڕووى چەند چەکدارێکى داعش بووینەوە