
وەرزى داچاندنى گەنم لە هەرێمى کوردستان دەستیپێکردووە و 45 هەزار جووتیار گەنم لە زەوییە کشتوکاڵییەکاندا دادەچێنن.
وەزارەتى کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەرهەمى گەنمى پار ساڵ 1.3 ملیۆن تۆن بووە و بەغداد 398 هەزار تۆن گەنمى لە جووتیاران وەرگرتووە
دوو کۆمپانیاى خۆماڵى نزیکەى 600 هەزار تۆن گەنمیان کڕیوەتەوە و 300 هەزار تۆن گەنم لە بازاڕ ساغکراوەتەوە و بەشێکى بۆ بنەتۆو هەڵگیراوە
وەرزى داچاندنى گەنم دەستیپێکردووە و بەشێک لە جووتیاران چاوەڕێى بارانى پەڵە ناکەن و زەوییەکانیان بە گەنم دادەچێنن، بەتایبەت لە ناوچە کوێستانەکان، بەڵام لە ناوچە گەرمەکان، جووتیاران چاوەڕێى باران دەکەن تاوەکو پەڵە دەدات و پاشان دەست دەکەن بە داچاندنى گەنم.
کارێکى تاڕادەیەک باو هەیە، جووتیاران لە وەرزى بەهاردا زەویە بە دانەوێڵە داچێنراوەکانیان دەکێڵنەوە.
بەم کارەش دەڵێن، وشکە وەرد، یان وەردبڕین.
ئەمەش بۆ بەهێزبوونى زەوییە ماندووەکەیە، تاوەکو ئامادەبێت بۆ چاندن بۆ وەرزى داچاندن.
ساڵى ڕابردوو، هەرێمى کوردستان سێ ملیۆن و 120 هەزار دۆنم زەوى بە گەنم داچاند.
بەرهەمى گەنمیش گەیشتە یەک ملیۆن و 300 هەزار تۆن.
بەغداد تەنیا 398 هەزار تۆن گەنمى لە جووتیاران کڕییەوە.
ڕزگار حەمە خدر، ڕاوێژکارى وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاوى هەرێمى کوردستان بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند:
نزیکەى 600 هەزار تۆن گەنم لەلایەن دوو کۆمپانیاى خۆماڵى کڕدراونەتەوە.
300 هەزار تۆن گەنم لەلایەن جووتیارانەوە ساغکراوەتەوە لە بازاڕدا و بەشێکى ئەو 300 هەزارەش وەک گەنمى بنەتۆو بەکاردەهێنرێن.
یەک ملیۆن و 120 هەزار دۆنم زەوى بەراو کە بە گەنم دادەچێنرێت پێشبینى دەکرێت 700 هەزار تۆن گەنم بەرهەم بدات.
دوو ملیۆن و 300 هەزار دۆنم زەوى دەیمییە و پشت بە باران دەبەستێت، بە گریمانەییش هەر دۆنمێک ئەگەر 500 کیلۆ بەرهەم بدات، دەگاتە یەک ملیۆن و 150 هەزار تۆن.
بەگوێرەى پلان و خەمڵاندنى وەزارەتى کشتوکاڵ، پێشبینى دەکرێت نزیکەى یەک ملیۆن و 850 هەزار تۆن گەنم بۆ وەرزى 2026 بۆ 2027 لە هەرێمى کوردستاندا بەرهەم بهێنرێت.
ساڵانە وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاوى هەرێمى کوردستان، پلانى داچاندنى گەنم ئامادە دەکات و پلانەکە بۆ بەغداد ڕەوانە دەکات، تاوەکو ئاگاداربکرێنەوە بۆ ئەوەى لەداهاتوودا پاش وەرزى دروێنەکردنى گەنم، پشکى هەرێمى کوردستان بۆ وەرگرتنى گەنم لە سایلۆکان بخەمڵێنرێت.
لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و شارۆچکە و شارەدێ و گوندەکانى هەرێمى کوردستان، 45 هەزار جووتیار ساڵانە گەنم دادەچێنن، کە بەشێک لە گەنمەکەیان لە سایلۆکان وەردەگیرێت و بەغداد بۆ هەر تۆنێک نرخ دیارى دەکات، ئەوى دیکەى لە بازاڕدا دەفرۆشرێتەوە.
بەڕێوەبەرایەتى پلانى وەزارەتى کشتوکاڵ ئەوە دەخەنەڕوو، تاوەکو ئێستا ئەو بارانەى باریوە گونجاوە بۆ داچاندنى گەنم و لە بەشێکى زۆر لە ناوچەکان داچاندنى گەنم دەستیپێکردووە، بەڵام لە مانگەکانى ئازار و نیسان بەتەواوى دەردەکەوێت، ئەو بارانەى باریوە بۆ گەنم باش بووە یاخود نا.
ڕزگار حەمە خدر، دەشڵێت، بەغداد لە ئێستاوە پلانى بۆ ناوەڕاست و خوارووى عێراق دیاریکردووە، کە بۆ وەرزى 2026 بۆ 2027 بڕى چوار ملیۆن تۆن گەنم لە جووتیاران وەردەگرێت، گوتیشى" هەموو ساڵێک بە بەغداد دەڵێین بۆ ئەوەى جووتیارانمان زانیارییان هەبێت چەند گەنمیان لێ وەردەگرن، ئامادەنین بیڵێن و دەڵێن، لەکاتى دروێنەى گەنم ڕایدەگەیێنن، کە پێشبینى دەکەین 400 بۆ 500 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانى هەرێمى کوردستان وەربگیرێت".
زێدا محەممەد، بەرێوەبەرى بەشى پلان لەوەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند" بۆ وەرزى ئەمساڵ نزیکەى سێ ملیۆن و 500 هەزار دۆنم زەوى چێنراو بە گەنم بەگوێرەى پلانى وەزارەتى کشتوکاڵ ڕەوانەى بەغداد دەکرێت، کۆبوونەوەش نەکراوە لەگەڵ بەغداد تایبەت بە داچاندنى گەنم".
بۆ ساڵى ڕابردوو سێ ملیۆن و 200 هەزار دۆنم زەوى پێشنیاز کرا بۆ داچاندنى گەنم، بەغداد لەسەر ڕووبەرى داچاندنى گەنم هیچ بڕیارێکى نەبوو، تەنیا پاش دروێنەکردنى گەنم بڕیاریدا 400 هەزار تۆن گەنم وەربگیرێت، کە 292 هەزار تۆن لە چوارچێوەى پلان و 108 هەزار تۆن لە دەرەوەى پلان وەربگرێت و بە گشتیی 398 هەزار تۆن ڕادەستى سایلۆکان کرا.
13 هەزار و 500 تۆن گەنمى بنەتۆو بە نرخى پاڵپشتیکراو بۆ نزیکەى 9,500 جووتیار دابین کراوە.
بۆ جووتیارانى دیکە بۆ خۆیان بنەتۆویان هەڵگرتووە یاخود لە بازاڕدا دەیکڕنەوە بۆ داچاندنى گەنم.
پلان هەیە نزیکەى 500 تۆن گەنمى بنەتۆو هاوردە بکرێت بۆ هەرێمى کوردستان، کە تاوەکو ئێستا ئەو کۆمپانیایەى هاوردەى گەنمى بنەتۆو دەکات دەڵێت، تەنیا 200 تۆن گەنمى بنەتۆو هاوردە دەکەم.





