دادگای فیدڕاڵی دادبینیی بۆ سێ داوای تایبەت بە هەرێمی کوردستان دەکات

دانیار فاروق3 کاتژمێر پێش ئێستا
باڵەخانەى دادگاى باڵاى فیدڕاڵى عێراق لە بەغداد
باڵەخانەى دادگاى باڵاى فیدڕاڵى عێراق لە بەغداد

پووختەى هەواڵەکە

  • ئەمڕۆ دووشەممە دادگاى باڵاى فیدڕاڵى عێراق کۆدەبێتەوە.

  • دادبینی لەسەر سێ داوای تایبەت بە حکومەت و پەرلەمانی کوردستان دەکات.

  • سکاڵاکاران داوای هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەمی پەرلەمان دەکەن.

  • هاوکات داواى گۆڕینی حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ کاربەڕێکەر دەکرێت.


بە گوێرەى خشتەی کۆبوونەوەکانی دادگای فیدڕاڵی، داواکاران کە لە دژی سەرۆکوەزیران و سەرۆکی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراون، داوای گۆڕینی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاربەڕێکەر و هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دەکەن.


داواکارییەکان لە دادگاى فیدڕاڵى:

  • داوای یەکەم لەلایەن ئەکبەر غەریب، ئەندامی پەرلەمانی کوردستانەوە لە دژی مەسرور بارزانی تۆمارکراوە.

  • سکاڵاکار داوا دەکات بڕیاربدرێت بە کۆتاییهاتنی وادەی یاسایی حکومەت هەرێمی کوردستان.

  • گۆڕینی بۆ حکومەتی کاربەڕێکەر.

  • حکومەت تەنیا توانای ڕاییکردنی کاروباری ڕۆژانەی هەبێت.

  • دەسەڵاتی نەبێت بڕیاری ستراتیجی درێژمەودا بدات.

  • بە تایبەت لە بوارەکانی نەوت، غاز، کارەبا، سامانە سرووشتییەکان و پابەندییە دارایی و ئابوورییەکان.

  • داوای دووەم لە لایەن ڕێبوار ئەوڕەحمان، پەرلەمانتاری نەوەی نوێ، عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، نەوزاد لەتیف ڕۆستەم و یوسف حەمید سەعید تۆمار کراوە.

  • لە دژی مەسرور بارزانی تۆمار کراوە.

  • لە ناوەڕۆکدا جەخت لە هەمان داواکاریی داوای یەکەم دەکاتەوە.

  • داوای سێیەم لەلایەن عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان و بڕیاردەری ڕەوتی هەڵوێستەوە تۆمارکراوە.

  • لە دژی سەرۆکی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان.

ئەوەی داوای دووەم لە داوای یەکەم جیادەکاتەوە، داواکاریی هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئەو بڕیارانەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، کە لە دوای تەواوبوونی تەمەنی یاساییەوە دەریکردوون، بە تایبەتی بڕیاری زیادکردنی نرخی کارەبا، سەپاندنی باج و ڕسوماتی نوێ و ئەنجامدانی گرێبەست یان هەموارکردنەوەی گرێبەستەکانی نەوت و کارەبا و هەر بڕیارێکی دیکەی ستراتیجی.

عەلی حەمەساڵح، داوای دەرکردنی بڕیاری نادەستووریبوونی بەردەوامیی خولی شەشەمی پەرلەمان دەکات، بەهۆی پەککەوتنی دانیشتنەکان بۆ ماوەی نزیکەی 2 ساڵ.

دانیشتنەکەی دادگای باڵای فیدراڵی لە کاتێکدایە کە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان بەهۆی نەگەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێ ڕووبەڕووی ڕەخنەی یاسایی بوونەتەوە، بەوپێیەی لە ئەگەری پەسەندکردنی ئەم داوایانە لەلایەن دادگاوە، دەسەڵاتەکانی حکومەت لە بڕیاردانی دارایی دوورمەودا پەکدەخرێن و پەرلەمانیش لە بەردەم هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتیی دەسەڵاتەکانیدا دەمێنێتەوە.

زانیاریی زیاتر بۆ تۆ:

دادگای فیدراڵی سکاڵایەک لەسەر حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم تاوتوێدەکات

Loading related news...