زانیارییەک گەیشتووە بە کەناڵ8 دەریدەخات، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی عێراق لە وێستگەی یەکەمی سەردانەکەیدا بۆ کەرکووک، دۆسیەی ئەو 40 فەرمانبەر و ئەفسەرە پلە باڵایانە تاوتوێ دەکات کە لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا بە تۆمەتی گەندەڵی و بەرتیل وەرگرتن دەستگیرکراون. ئەم سەردانە لە کاتێکدایە کە هەڵمەتێکی توندی لێپێچینەوە لە فەرمانگەکانی شارەکە بەڕێوەدەچێت.
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی کەرکووکی بەسەرکردەوە و لەگەڵ بەرپرسی بەشەکان بۆ زانینی شێوازی ئیشکردنیان کۆبووەوە.
کۆبوونەوەیەکی فراوان لەگەڵ دادوەران و قازییەکانی سەرۆکایەتی دادگای کەرکووک ئەنجام دەدرێت بۆ تاوتوێکردنی دۆسیە یاساییەکان.
بەدواداچوون بۆ پێداویستییەکانی نووسینگەی لێکۆڵینەوە و ئەو دۆسیە گەرمیانە دەکرێت کە ئێستا لە ژێر لێکۆڵینەوەی وردادان.
سەرۆکی دەستەکە جەختی لەچڕکردنەوەی هەوڵەکان کردووەتەوە بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی تێوەگلاون لە بەهەدەردانی سامانی گشتی.
لە لایەکی دیکەوە، هەڵمەتەکانی دەستگیرکردن لە کەرکووک چەندین فەرمانگەی هەستیاری گرتووەتەوە. زۆرترین دەستگیرکردن لە خاڵە گومرگییەکانی "دارەمان" و "چیمەن" بووە کە تێیدا زیاتر لە 25 فەرمانبەر دەستگیرکراون. هەروەها بەرپرسی بەش لە بەڕێوەبەرایەتی سەرچاوە ئاوییەکان، چەند ئەفسەر و کارمەندێکی هاتووچۆ بە تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل لە بەرامبەر پێدانی مۆڵەتی شۆفێری، و چەند کەسێک لە نەخۆشخانەی ڤێتەرنەری دەستگیرکراون. لە دوایین هەڵمەتیشدا لیژنەیەکی باڵای دەستەکە پێنج فەرمانبەری وەزارەتی ناوخۆیان دەستگیر کرد کە چواریان ئەفسەری پلەباڵان.
بە گوێرەی بەدواداچوونەکان، ئەم سەردانەی سەرۆکی دەستەی دەستپاکی لایەنێکی هاندانی هەیە بۆ نووسینگەکانی شارەکە، هاوشێوەی ئەو سەردانانەی بۆ پارێزگاکانی دیکە ئەنجامی داون. تاوەکو ئێستا دیار نییە کە ئایا لەگەڵ ئیدارەی پارێزگا یان ئەنجوومەنی پارێزگا کۆدەبێتەوە یان تەنیا لە چوارچێوەی دامەزراوە یاسایی و لێکۆڵینەوەییەکاندا دەمێنێتەوە.
https://channel8.com/kurdish/news/213920
https://channel8.com/kurdish/news/66387
https://channel8.com/kurdish/news/223069
https://channel8.com/kurdish/news/222819