هەڵمەتی گەڕانەوە بۆ خوێندن وەزارەتی پەروەردە و رێکخراوی یونیسێف بە ڕێوەی دەبەن.
هەڵمەتەکە لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە.
هەڵمەتەکە گەڕانە بەدواى ئەو خوێندکارانەى لە نیوەى ڕێگە لە خوێندن دابڕاون.
تەنیا لە مساڵدا و تاوەکو ئێستا، لە سنووری دهۆک هەزار خوێندکار و لە سنووری سلێمانی 850 خوێندکار، لە هەولێریش 790 خوێندکاری دابڕاو ئاشتکراونەتەوە لەگەڵ خوێندن.
چاوەڕوان ناکرێت خوێندکارە دابڕاوەکان خۆیان لە دەرگای خوێندنگەکان بدەنەوە.
بەڵکو ناوەندەکانی خوێندن و تیمە مەیدانییەکان دەستپێشخەری دەکەن.
لە ژووری کارگێڕیی خوێندنگەکاندا، تۆماری ساڵانی ڕابردوو لاپەڕە بە لاپەڕە هەڵدەدرێنەوە.
ناو بە ناو بە دوای سۆراغی ئەو خوێندکارانەدا دەگەڕێن کە ڕۆژێک لە ڕۆژان بە بێدەنگی ڕیزەکانی خوێندنیان جێهێشتووە.
بڕیارە گەڕاندنەوەی خوێندکارانی دابڕاو تەنیا ڕێکارێکی ڕۆتینی نەبێت بۆ زیادکردنی ژمارەی خوێندکار لە تۆمارەکاندا، بەڵکو پڕۆسەیەکی قووڵی پەروەردەیی و دەروونییە بۆ سڕینەوەی شوێنەواری ئەو ئاستەنگە دارایی و کۆمەڵایەتییانەی ئەو خوێندکارانەی لە خوێندن دابڕیبوو
گەڕانەوەی 2 هەزار و 640 خوێندکار لە سێ پارێزگای هەرێمی کوردستاندا لە ماوەیەکی کەمدا، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە لە پشت هەر دابڕانێکەوە، چیرۆکێکی ناچاری و بەربەستێک هەیە نەک بێباکی لە فێربوون.
