
عێراق دەیەوێت وەک بێلایەنێک لەنێوان وڵاتاندا بمێنێتەوە.
پەیوەندى بەهێزى لەگەڵ ئێران هەیە و پەیوەندییەکانیش لەگەڵ وڵاتانى کەنداو ناجێگیرە.
عێراق دەیەوێت ئاوێک بە ئاگرى پەیوەندییەکانى ئێران و وڵاتانى کەنداو بکات.
فوئاد حسێن، وەزیرى دەرەوەى عێراق لەمیانى بەشداریکردنى لە ئاهەنگێکدا کە نوێنەرایەتیی یەکێتیى ئەورووپا بە بۆنەى هاوبەشیی لەگەڵ عێراق ڕێکیخست، ئاشکراى کرد بەغداد لە پەیوەندیی بەردەوامدایە لەگەڵ وڵاتانى ناوچەکە بۆ گەڵاڵەکردنی پێشنیازی کۆبوونەوەی (6+2)، کە شەش وڵاتەکەى ئەنجوومەنى هاریکاریى کەنداو لەگەڵ عێراق و ئێران دەگرێتەوە.
عێراق و ناوچەکە ڕووبەڕووى ئاڵنگاریى گەورە دەبنەوە.
تاوەکو ئێستاش سێبەرى شەڕ ئاسمانى ناوچەکەى گرتووە.
ئەمەش پێویستى بە کارکردنى هاوبەش هەیە بۆ گرەنتیکردنى ئاسایشیی هەرێمایەتى و بەدیهێنانى ئاشتى و سەقامگیریى.
پەیوەندییەکان لەگەڵ چەند وەزیرێکى دەرەوەى وڵاتانى ناوچەکە بەردەوامە بۆ ئەوەى بیرۆکەى کۆبوونەوەکە بخرێتە بوارى جێبەجێکردن.
عێراق پێشوازیی لە کۆبوونەوەى وڵاتانى هاوپەیمانیی مەککە لەگەڵ ئێران و هەوڵەکان بۆ بەدیهێنانى ئاشتى لە ناوچەکە دەکات.
عێراق دەیەوێت سوود لە ئەزموونى ئەورووپا وەربگرێت لە گەیشتن بە بازاڕە ئابوورییە هاوبەشەکان.
لە جەنگى ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، عێراق و وڵاتانى کەنداو زۆرترین هێرشى درۆنى و مووشەکیان بەخۆوەبینى، نێوانى وڵاتانى کەنداو و تاران بە تەواوەتى ئاڵۆز بوو.
