
ڕووسیا پێشنیازێکی ئۆکرانیا بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست لە شاری ئۆلیشکی ڕەتدەکاتەوە.
کرێملن دەڵێت، پوتن ئامادەیە وەڵامی پەیوەندیی تەلەفۆنیی زێلینسکی بداتەوە.
ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، ڕووسیا ڕەتیکردووەتەوە ئەو ئاگربەستە درێژ بکاتەوە کە ئێوارەی یەکشەممە لە ناوچەکانی دەوروبەری شاری ئۆلیشکی لە باشووری ئۆکرانیا کۆتاییدێت. ئۆلیشکی شارێکە لەژێر کۆنترۆڵی سوپای ڕووسیادایە.
سەرچاوەیەک لە سەرۆکایەتی ئۆکرانیا بە ئاژانسەکەی ڕاگەیاندووە، کیێڤ پێشنیازی درێژکردنەوەی ئاگربەستی پێشکەش بە مۆسکۆ کردووە بەڵام پێشنیازەکەیان ڕەتکراوەتەوە.
ئاژانسی هەواڵی ئینتەرفاکس، لە زاری یوری ئۆشاکۆڤ، یەکێک لە بەرپرسانی کرێملن گواستییەوە، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا پێشوازی لە هەر پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەلایەن ڤۆلۆدیمێر زێلینسکیی، هاوتا ئۆکرانییەکەی دەکات، چونکە پوتن بە هیچ شێوەیەک دانوستان ڕەت ناکاتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، ڕووسیا و ئۆکرانیا لە هێرشەکانیان بۆ سەر ژێرخانی وزەی یەکتر بەردەوامن و لەو چوارچێوەیەدا، دەسەڵاتدارانی ڕووسیا ئاماژەیان بەوە کرد، ئۆکرانیا هێرشەکانی بۆ سەر پاڵاوگەکانی نەوت لە وڵاتەکەیان دەستپێکردووەتەوە پاش ئەوەی ماوەی چەند ڕۆژێک ڕایگرتبوو.
کیێڤ بەردەوام بە درۆن هێرش دەکاتە سەر ناوچە پیشەسازییەکانی ناو خاکی ڕووسیا، وەک وەڵامێک بۆ بەئامانجگرتنی ژێرخانی وزەی وڵاتەکەی لەلایەن موسکۆوە لە دەستپێکی جەنگی ڕووسیا-ئۆکرانیاوە لە شوباتی 2022.
بە ئامانج گرتنی کەرتی سوتەمەنیی ڕووسیا، ئامانج لێی وشککردنی سەرچاوەکانی داهاتە کە کرێملن بۆ دابینکردنی بودجەی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی لە ناو ئۆکرانیادا بەکاریان دەهێنێت.
