
دوێنێ هەواڵى دەستگیرکردنى کەسێک لە گەرمیان بڵاوکرایەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هەندێک میدیا وابڵاوکرایەوە کە مەلایە.
لەناو مۆبایلى دەستگیرکراوەکەدا وێنەى نەشیاو هەبووە.
یەکێتیى زانایانى ئاینى ڕایگەیاند، لە پەنای دەستگیرکردنى ئەم کەسەوە هێرشی ناڕەوا کرایە سەر مامۆستایانی ئاینی، لە کاتێکدا ئەو کەسە هیچ پەیوەندی بە پیشە و کاری مەلایەتییەوە نییە و دەرچووی هیچ ناوەندێکی خوێندنی ئایینیش نییە.
ئەو کەسە سێ ساڵ بەر لە ئێستا خۆبەخشانە ماوەیەک کەم کاری پێشنوێژی کردووەو قورئانی خوێندووە و دوورخراوەتەوە.
بۆ دڵنیایی هەموو لایەک، ئەو کەسە هیچ بڕوانامە و سیفەتێکی فەرمیی مەلایەتی نەبووە.
لەهەمان کات نە ئەندامی یەکێتیی زانایانە، نە فەرمانبەر و خۆبەخشی فەرمی ئەوقافیشە.
نیگەرانی زۆرمان لە دەزگایەکانی ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیا ئەوەیە، کە بە هەستیاری و وەک خۆی مامەڵە لەگەڵ هەواڵ و رووداوەکان ناکەن و پیشە و ناوی پیرۆزی مەلایەتی لەبەر هەڵەی کەسێکی نا مەلا دەزڕێنن.
بەداخەوە نەدەبوو بەشێکی کەناڵ و ماڵپەڕو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەو شێوەیە بڵاوی بکەنەوە.
هەر کەس دەنگخۆش بوو یان پێشنوێژی کرد یان دوو ئایەت و فەرمودەی خوێندەوە و خۆی بەبانگخواز ناساند، مانای ئەوە نییە مەلا بێت.
یەکێتیى زانایان داواش لە لایەنی پەیوەندیدار دەکات ڕێکاری توندتر بەرامبەر ئەو کەسانە بگرنەبەر کە مۆڵەت و ڕێپێدانی مەلایەتییان نییە و مزگەوت بەکار دەهێنن.
پۆلیسى گەرمیان دوێنێ سێشەممە، دەستگیرکردنى دوو کەسى دانیشتووى کەلار و هەریرى ڕاگەیاند، یەکەمیان کە ئەوەیە بەناوى مەلا ناوبراوە و بەگوێرەى مادەی دووى خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەستگیرکراوە و ئەوى دیکەشیان بەگوێرەى ماددەی (430) لە یاسای سزادانی عێراق بووە.