.jpg)
ئەنجوومەنى وەزیران ڕەشنووسى ئێستاى بودجە ڕەتدەکاتەوە.
جارێکى دیکە داواى 14.14%ـى بودجەى عێراق دەکات.
لەسەر چەندین بڕگەى بودجەى 2027 ناکۆکیى قووڵ لەنێوان هەولێر و بەغداد هەیە.
ئەنجوومەنی وەزیرانى کاربەڕێکەرى هەرێمى کوردستان کۆبووەوەو ڕایگەیاند، نابێت ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵ بەشێوەی ئێستای بخرێتە دەنگدانەوە، بەڵکو دەبێت پێداچوونەوەی وردی بۆ بکرێت و مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان تێدا دەستەبەر بکرێت.
شاندی دانوستانکار، ئەنجامی دوا کۆبوونەوە و گفتوگۆکانی لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵ، سەبارەت بە ماددەی (10)ـی ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجە خستەڕوو.
گفتوگۆ لەبارەی سەردانی شاندی باڵای حکومەتی فیدراڵ، بە سەرۆکایەتیی جێگری سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ بۆ کاروباری وزە و بەشداری وەزیرانی نەوت و کارەبا بۆ هەرێمی کوردستان و ئەنجامی گفتوگۆکانیان سەبارەت بە دۆسییەکانی نەوت و وزە لە چوارچێوەی ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵ کرا.
هەرێمی کوردستان، قەوارەیەکی دەستووری و فیدراڵییە و ماف و دەسەڵات و شایستە داراییەکانی بە دەستوور پارێزراون.
پێویستە بودجەی گشتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور، دادپەروەری و هاوبەشیی ڕاستەقینە ئامادە بکرێت، نەک بە بڕیار و ڕێکاری تاکلایەنەی حکومەتی فیدراڵی.
بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان، دەبێت لەسەر بنەمای ڕێژەی (14.14%ـی دانیشتووان و بەگوێرەى ئەنجامی دوا سەرژمێری گشتی، دیاری بکرێت.
داوا لە ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ دەکەین ڕێگە نەدات ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی فیدراڵ، بەشێوەی ئێستای بخرێتە بەر گفتوگۆ و دەنگدان، پێش ئەوەی پێداچوونەوەی ورد و پێویستی بۆ بکرێت و ماف و شایستە دەستووری و داراییەکانی هەرێم تێیدا مسۆگەر بکرێن.
ئەنجوومەنی وەزیران، جەخت دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان چاوەڕوانە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027، لە سەردەمی کابینەی حکومەتی فیدراڵی بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی، ببێتە دەرفەتێک بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی ڕیشەیی و دەستووری بۆ کێشە داراییە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوو حکومەت، نەک ئەوەی لە جیاتی چارەسەرکردنی کێشەکانی ساڵانی ڕابردوو، هەمان کێشە و ناکۆکییەکان لە ساڵی داهاتووش دووبارە ببنەوە.
لە کۆتاییدا، پشتیوانی خۆی بۆ شاندی دانوستانکاری دووپاتکردووەتەوە و جەختی لە بەردەوامبوونی گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی کردووەتەوە.