
لە کاتی پەرەسەندنی گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئێران توانیویەتی توانای خۆی بۆ هێرشکردنە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و دامەزراوە هەستیارەکانی ناوچەکە بەهێزتر بکات، ئەمەش لە ڕێگەی تێکەڵەیەک لە پێشکەوتنی تەکنیکی لە بەرنامەی مووشەکیدا، سوود وەرگرتن لە وێنەکانی مانگی دەستکرد و گرتنەبەری تاکتیکی سەربازییەوە بووە کە لە ئەزموونی ڕووسیا لە جەنگی ئۆکرانیادا سەرچاوەی گرتووە.
ئەم بابەتە لە ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی گاردیاندا خراوەتە ڕوو و تێیدا دان سەباغ، نووسەری بوارى بەرگری و ئاسایش لە ڕۆژنامەکە لەبارەی زیان و ئاستی هێرشەکانەوە ئاماژەی بەوە کردووە، کە هێرشە مووشکییەکانی ئەم دواییەی ئێران ئاستێکی بەرزیان لە وردی و توانای وێرانکەر پیشانداوە. ئەمەش لە هەمان کاتدا خاڵە لاوازە ئەگەرییەکانی سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئەمریکای لە ناوچەکەدا دەرخستووە.
ڕاپۆرتەکە پشت بەو هێرشە دەبەستێت کە کرایە سەر بنکەی ئاسمانیی موەفەق لە ئوردن، بنکەیەک کە پێشتر بە سیستمی پێشکەوتووی بەرگریی مووشەکیی ئەمریکی ناسراو بە "ساد" پارێزراو بوو، کەچی هێرشەکە بووە هۆی کوژرانی 3 سەربازی ئەمریکی.
وێنەکانی مانگی دەستکرد کە لەلایەن دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئێرانەوە بڵاوکراونەتەوە، زیان گەیشتن بە ژمارەیەک لە دامەزراوەکانی بنکەکەیان پیشانداوە. ئەم دۆخە وەزارەتی جەنگی ئەمریکای ناچار کردووە، لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ناتوانایی سیستمی بەرگری لە پووچەڵکردنەوەی ئەو هێرشە بکات.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە لەبارەی توانای هێرشبەریی ئێرانەوە، ڕووداوەکە جەخت لەوە دەکاتەوە، ئێران هێشتا خاوەنی توانای پێشکەوتووی مووشەکییە و سەرکردایەتیی ئێران زیاتر لە جاران ئامادەیە بۆ بەکارهێنانی ئەم توانایانە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمریکادا.
ئەندرياس کریگ، توێژەر لە کۆلێژی کینگزی لەندەن، لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەکە لەبارەی گەشەی تواناکانی تارانەوە گوتی، توانای مووشەکیی ئێران بەهۆی گەشەسەندنی لە بوارەکانی کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگری، باشترکردنی سیستمەکانی ئاڕاستەکردنی مووشەک، زیادکردنی توانای مانۆڕ و پەرەپێدانی شێوازەکانی پلاندانان بۆ هێرشە ئاڵۆزەکان، تووشی "وەرچەرخانێکی ڕاستەقینە" بووە.
ڕاپۆرتەکە لەبارەی پەرەپێدانی بەرنامەی مووشەکییەوە ئاماژە بەوە دەکات، ئەم پەرەسەندنە دوای ساڵانێک لە کارکردن بۆ نوێکردنەوەی بەرنامەی مووشەکییە بالیستییەکانی ئێران هاتووە و ڕوونیشی دەکاتەوە، بەگوێرەی مەزەندە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا، بەشێکی گەورەی ئەم بەرنامەیە بە چالاکی ماوەتەوە، سەرەڕای ئەو هێرشانەی ڕابردوو، واشنتن ڕایگەیاندبوو، توانای سەربازیی تاران بە شێوازێکی بەرچاو لاواز کردووە.
ڕاپۆرتەکە لەبارەی سەرچاوەی وێنەی مانگە دەستکردەکانەوە ڕۆڵی ئەگەریی وێنەکانی مانگی دەستکردی چینی لە بەرزکردنەوەی توانای ئێران بۆ دیاریکردنی ئامانجەکان تاوتوێ دەکات و ئاماژە بەوە دەکات، ئەمریکا سزای بەسەر کۆمپانیا چینییەکاندا سەپاندووە، بە تۆمەتی دابینکردن و خستەڕووی وێنەی مانگە دەستکردەکان بۆ شوێنە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، لەوانەش؛ بنکەکانی هەڵگری فڕۆکە و سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانیی وەک پاتریۆت و ساد.
لە بەرامبەردا، ڕاپۆرتەکە لەبارەی جۆری ئامانجەکانەوە بۆچوونێکی سیدهارس کوشال، توێژەر لە پەیمانگەی خزمەتگوزارییە یەکگرتووەکان دەگوازێتەوە و بۆچوونی وایە، ئێران زیاتر جەختی لەسەر ئامانجە جێگیرەکان کردووەتەوە، کە دەکرێت شوێنەکانیان لە ڕێگەی وێنەکانی مانگی دەستکردەوە بدۆزرێتەوە، بێ ئەوەی پێویستی بە زانیارییە هەواڵگرییە نهێنییەکانی چین هەبێت.
سیدهارس کوشال لەبارەی بەڵگە هەواڵگرییەکانەوە جەخت لەوە دەکاتەوە، تاوەکو ئێستا هیچ بەڵگەیەکی ڕوون نییە کە پیشانی بدات ئێران پشتی بە هاوکاریی هەواڵگریی دەرەکی بەستبێت بۆ هێرشکردنە سەر ئامانجی جوڵاو یان بنکە هەستیارەکانی ئەمریکا.
ڕاپۆرتەکە لەبارەی تاکتیکە سەربازییەکانەوە ئەگەری سوود وەرگرتنی ئێرانیش لە ئەزموونەکانی ڕووسیا لە بەرامبەر ئۆکرانیا تاوتوێ دەکات، بەتایبەت دوای تێبینیكردنی هاوشێوەیی لەنێوان هەندێک لە شێوازەکانی هێرشی ئێران و ئەو تاکتیکانەی مۆسکۆ لە ئۆکرانیا بەکاریدەهێنان.
لەبارەی قۆناغەکانی هێرشکردنەوە دیارترین ئەو شێوازانە بریتییە لە؛ بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە قۆناغی یەکەمدا بە ئامانجی ماندووکردن یان پەرتکردنى سەرنجی بەرگرییە ئاسمانییەکان، پێش ئەوەی مووشەکی بالیستیی بەهێزتر و وردتر بەرەو ئامانجە سەرەکییەکان هەڵبدرێن.
لە لایەنی تەکنیکییەوە، ڕاپۆرتەکە لەبارەی سیستمەکانی ئاڕاستەکردنەوە ڕوونی دەکاتەوە، مووشەکە بالیستییەکانی ئێران پشت بە تێکەڵەیەک لە سیستمەکانی وەک "جی پی ئێس"ـی ئەمریکی لە پاڵ سیستمی "بایدۆ"ـی چینی و "گلۆناس"ـی ڕووسیدا دەبەستێت، کە ئەمەش ڕێژەی وردیی ئاڕاستەکردنیان زیاد دەکات.