
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی دوورخراوەی جەهەپە لە یادی پەیماننامەیەکی دژ بە کورددا، داواکاری دروستکردنی پارتەکەی پێشکەشی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا دەکات.
پاش ماوەیەکی زۆر لە مشتومڕ و بێهیوابوونی لەوەی بتوانێت بگەڕێتەوە بۆ سەرکردایەتیی جەهەپە، ئۆزگور ئۆزەل و نزیکەی 90 پەرلەمانتار، لەپێناو دروستکردنی حیزبە نوێکەیان، ڕیزەکانی جەهەپە بەجێدەهێڵن.
بەگوێرەی میدیای تورکیا، بە ئەگەری زۆر ئەمڕۆ ئۆزەل و ئەو دەیان پەرلەمانتارە، بە فەرمی ڕیزەکانی جەهەپە بەجێدەهێڵن و داواکاریی دروستکردنی "پارتی نوێ" پێشکەشی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا دەکەن.
لەگەڵ ئەوەی تاوەکو ئێستا ژمارەکە یەکلانەبووەتەوە، بەڵام میدیای تورکیا دەڵێت، ژمارەی ئەو پەرلەمانتارانەی جەهەپە لەگەڵ ئۆزەل دەبنە دامەزرێنەری حیزبەکە، لە نێوان 90 بۆ 100 پەرلەمانتاردا دەبن.
بەو جۆرەش فراکسیۆنی پارتی نوێ، لە پاش ئاکپارتی، دەبێتە دووەم گەورەترین فراکسیۆنی ناو پەرلەمانی تورکیا، هەروەها نزیکەی 35 بۆ 40 پەرلەمانتار لەناو جەهەپەدا دەمێننەوە.
ئۆزەل و تیمەکەی ڕۆژی 24ـی تەممووزیان بۆ دامەزراندنی حیزبەکەیان دیاری کردووە، کە ڕۆژی واژۆکردنی پەیماننامەی لۆزانە، ئەو پەیماننامەیەی، بووە بناغەی دورستبوونی کۆماری تورکیا و بەهۆیەوە پەیمانی سیڤەر هەڵوەشێنرایەوە، کە گرنگترین پەیماننامە بوو بۆ داننان بە مافەکانی کورددا.