
بەهۆى هەوڵى پەکخستنى دانیشتنەکان لە لایەن ئۆپۆزسیۆنى ئەلبانیا لە پەرلەمان شەڕە بۆکس درووستبوو.
پەرلەمانتارانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنی ئەلبانیا کەوتنە وێزەی یەکدی.
سەرەڕای ئەم کەشە ئاڵۆزە، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ئەلبانیا بەردەوام بوو لە دەنگدان لەسەر ڕەشنووسی یاساکان، کە پەیوەست بوون بە دەسەڵاتی شارەوانییەکان، بەڵام لە کۆتاییدا پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن ئاڵۆزییەکانیان زیاتر کرد و چوونە ئەو شوێنەی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی لێ دادەنیشێت، بوو بە شەڕە بۆکس و پەلاماردانی یەکدی و دەنگدانەکە پەکخرا.
پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن کردیان بە پاڵ پاڵێن لەناو هۆڵەکە.
هەرچی لە بەردەمیان بوو، دەیانگرتە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و نەیارەکانیان.
تەنانەت زۆربەی مایکرۆفۆنەکانی سەر مێزی ئەندامانی سەر بە دەسەڵاتداریش شکێنران.
دروستبوونی ئەم گرژییانە لە پەرلەمانی ئەلبانیا لەکاتێکدایە، ماوەی10 ڕۆژە ئەلبانیا بە دۆخێکی سەختدا تێدەپەڕێت، لە پایتەخت و زۆرێک لە شارەکانی ئەو وڵاتە خۆپیشاندانی خوێندکاران بەڕێوەدەچێت، کە داوای دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکوەزیران دەکەن و هاوشێوەی خۆپیشاندانەکانی دیکەی وڵاتانی ئەورووپا خۆپیشاندانەکان بە شێوازێکی تووندوتیژ بەڕێوەدەچن.
لە دەرەوەی باڵەخانەی پەرلەمان، خۆپیشاندەران هەوڵیاندەدا بچنە ناو پەرلەمانەوە، بەمهۆیەشەوە گرژی لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزەکانی پۆلیسدا دروستبوو، لەناو پەرلەمانیش ئەندامانی فراکسیۆنەکانی ئۆپۆزسیۆن وێنەی ئەو خوێندکارانەیان بەرزکردەوە کە لەکاتی خۆپیشاندانەکانی پایتەختدا لەلایەن پۆلیسەوە بریندار کران.




