
خەڵاتی ساخارۆڤ بەرزترین خەڵاتی مافەکانی مرۆڤە لە ئەورووپا.
پەیوەندى ترەمپ و دادگاى نێودەوڵەتیى تاوان باش نییە.
پێشتر چەندین کەسایەتى کورد و جیهانى خەڵاتەکەیان وەرگرتووە.
ڕۆبێرتا میتسۆلا، سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا ڕایگەیاند، خەڵاتی ساخارۆڤ بۆ مافەکانی مرۆڤ بە دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەکان بەخشرا، ئەوەش لەکاتێکدایە ئەو دامەزراوەیە سزای ئەمریکای لەسەرە.
یەکێتیی ئەورووپا لەسەر بنەمای ڕێز لە فرەلایەنی و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان بونیادنراوە.
ئەم خەڵاتەش دەرخەری ئەو کارە گرنگانەیە کە دادگاکە لە پشتگیریکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و دادپەروەری کردوویەتی.
خەڵاتەکە لەکاتێکدایە کە دادگاکە و بەرپرسەکانیش ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەکی بێ هاوتا دەبنەوە.
بەتایبەت ئەو سزایانەی بە ئامانجی تێکدانی بنەماکانی کاری دادگاکە بڕیاری لەسەر دراوە.
هەر ئەمساڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سزای دژ بە سەرۆک و پارێزەرێکی دادگای نێودەوڵەتیى تاواندا سەپاند، هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ بە ئامانجگرتنی کەسایەتیی ئەمریکی و هاوپەیمانەکانیان لە ئیسرائیل.
خەڵاتی زاخارۆڤ بۆ ئازادیی بیروڕا خەڵاتێکی ساڵانەیە لە لایەن پەرلەمانی ئەورووپاوە دەبەخشرێتە ئەو کەسایەتی و ڕێکخراوانەی داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکان دەکەن.
چەندین کەسایەتیی کورد ئەم خەڵاتەیان وەرگرتووە لەوانە لەیلا زانا لە ساڵی 1995، نادیە موراد و لەمیعە حەجی بەشار لە ساڵی 2016، ژینا مەهسا ئەمینی لە ساڵی 2023.
بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1988 بەخشرا بە نێڵسۆن ماندێلا و ئاناتۆلی مارچێنکۆ، باڵاترین ڕێزلێنانی یەکێتیی ئەورووپایە بۆ هەوڵەکان لە بوارەکانی مافی مرۆڤدا.




