
ئەحمەد کایا، ڕێکەوتی 28ی تشرینی یەکەمی 1957، لە شاری مەلاتیای باکووری کوردستان لەدایکبووە، یەکێکە لە دیارترین هونەرمەندەکانی کوردستان.
ئەحمەد کایا:
پێنجەم و دوا منداڵی خێزانەکەی بووە
باوکی کورد و دایکی تورک بووە
هەر لە منداڵییەوە، لە ئاستی ژیانی هونەریی خۆیدا، لەو کارگەیەوە دەستیپێکردووە کە باوکی کاری تێدا کردووە
لە دانیشتن و کۆبوونەوە هونەرییەکاندا، گۆرانی بۆ باوکی و کرێکارانی کارگەکە وتووە

بوونی دەنگێکی خۆش و توانای ژەنینی ئامێری موزیکی، هەر لە منداڵییەوە کایا دەکەن بە هونەرمەندێکی باش، لە شەش ساڵییەوە تواناکانی بەرەوپێشبردووە و لەگەڵ هونەرەکەیدا کاری کردووە، کە بەهۆی زەحمەتیی ژیان و بژێوییەوە، پاش تەواوکردنی قۆناغی سەرەتای خوێندن، دەستبەرداری خوێندن بووە.
ئامێری موزیکیی ساز هەر لە منداڵییەوە، بووە بە هاوڕێیەکی گەورەی ئەحمەد کایا، باوکی بە دیاریی سازێکی بۆ کڕیوە و لە سایەی "یوسف"ی خاڵیدا، لە گوندەکەی خۆیان، فێری ژەنینی ئەم ئامێرە بووە.
لە ئاستی ناوەڕۆکی هونەرەکەیدا، کایا وەکو کەسایەتییەکی یاخی و دژ بە ستەم و زۆرداریی کاری کردووە، ئەمە پاڵنەر بووە بۆ زیندووبوونەوەی هونەرەکەی لەنێو نەتەوەکەیدا، کاریگەرییەکی گەورەی دروستکردووە و دەنگەکەی، کە پاڵنەر بووە بۆ پشتگیریکردن لە خەڵکی چەوساوە و هەژار، وای کردووە بە خێرایی ژمارەی گوێگرانی زیاد ببێت.

یەکی نیسانی 1985، یەکەم ئەلبوومی خۆی بە ناوی "مەگری رۆڵەکەم" بڵاوکردووەتەوە، بەهۆی ناوەڕۆکەکەیەوە، کە دژایەتیکردنێکی ڕاستەوخۆ و گەورە بووە دژ بە نادادپەروەریی و ستەم، حکومەتی تورکیا نیگەران بووە و دژی وەستاونەتەوە، بەڵام بە هاوکاریی هاوڕێکانی، مکوڕ بووە لە بڵاوکردنەوەی.
یەکێک لەو ڕەخنانەی ئاڕاستەی ئەحمەد کایا دەکرێن، بریتییە لە بەکارهێنانی زمانی تورکی لە ناوەڕۆکی تێکست و گۆرانییەکانیدا، بەڵام بەکارهێنانی ئەم زمانە، هۆکارێک بووە بۆ گەیاندنی پەیام بە زۆرینەی گەلی تورکیا، بەدیاریکراوییش کوردانی زازاکی، تاوەکو بتوانن بە ئاسانیی لێی تێبگەن، ئەم شێوازەی کایا هۆکارێک بوو بۆ گەیاندنی ئاسان و خێرای پەیامەکانی.
لە دیارترین ئەلبوومەکانی کایا بریتین لە:
مەگری ڕۆڵەکەم
ئاوازی شەبەق
کاتێ دێ
سەرم بەرزدەکەمەوە

کایا ساڵی 1979 هاوسەرگیریی کردووە و جیابووەتەوە، لە هاوسەرگیریی دووەمیدا لەگەڵ گوڵتەن خەیاڵئۆغلۆ، زیاتر ڕۆچووەتە نێو جیهانی موزیک و بەهۆی پاڵپشتیی هاوسەرەکەی و هاوڕێیەتیی برای هاوسەرەکەی بەناوی یوسف، کاریگەرییەکی گەورەی دروستکردووە لە ئاستی پیشەسازیی موزیک و بەرهەمهێناندا، زۆرێک لە شیعری کارەکانی کایا، یوسف خەیاڵئۆغڵۆ نووسیونی و کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر یەکتر هەبووە.

ئەلبوومی "گۆرانییەکانم بۆ شاخەکان" بە فرۆشتنی دوو ملیۆن و 800 هەزار دانە، تۆماری شکاندووە، بەهۆی گۆرانییەکی ئەم ئەلبوومە بە ناوی "بانگی ئازادی"، ئەلبوومەکە لە بازاڕەکاندا کۆکرایەوە و قەدەغەکرا، بڕیاری قەدەغەکردنی کۆنسێرتیشیان لەدژ دەرکردووە.
گۆرانییەکانی کایا، زیاتر باس لە بابەتە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان دەکەن، لە 20 ئەلبوومدا تەنیا یەک گۆرانیی کوردیی هەیە بە ناوی کاروان.
ڕێکەوتی 10ی شوباتی 1999، لەمیانی ڕێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتی باشترین هونەرمەندی ساڵ، کایا یەکەم بووە، لەکاتی وتارەکەیدا، ئاماژە بەوە دەدات کە نوێترین بەرهەمی بە زمانی کوردی دەبێت، ئەمەش کاردانەوەیەکی توندی لێکەوتووەتەوە و لەلایەن ڕەگەزپەرستەکانەوە هێرشی کراوەتە سەر و ئازار دراوە، بە ناچاریی براوەتە دەرەوەی ڕێوڕەسمەکە و پاش تێپەڕینی سێ مانگ ڕووی لە وڵاتی فەڕەنسا کردووەو لە پەناهەندەییشدا دووچاری تانە و لۆمەکردنی توند بووەتەوە.
ئەحمەد کایا، ڕێکەوتی 16ی تشرینی دووەمی 2000، لە تەمەنی 43 ساڵیدا و لە خاکی غەریبی، بە جەڵتەی دڵ کۆچی دوایی کردووە و لە گۆڕستانی پیرلاشیزی شاری پاریس، نزیک لە یەڵماز گیونەی بەخاک سپێردراوە.