
گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەمەبەستی گواستنەوەی مامۆستایانی خوێندنی کوردی لە کەرکوک و ناوچە کودستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بۆ سەر میلاکی وەزارەتی پەروەردەی عێراق چەند جارێک داواکارییان پێشکەشکردووە.
سامان سیوەیلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، چەند جارێک داواکاری مامۆستایانی کوردی کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانیان گەیاندووەتە وەزارەتەکانی پەروەردە و دارایی عێراق تاوەکو بگوازرێنەوە سەر میلاکی وەزارەتی پەروەردەی عێراق.
باسی لەوەشکرد، "شاندی حکومەتی عێراق لە وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی دارایی پێیان راگەیاندین کە رێگریی یاسایی هەیە بە گوێرەی ماددەی 77ـی یاسای بودجەی عێراق، ناتوانن ئەو کارە ئەنجام بدەن.
دەشڵێت، "ئەو رێگرییە یاساییەمان لە کۆنوسدا واژۆکردووە و ئاراستەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقمان کردووە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، "پێداگیر بووین کە مافی دارایی ئەو مامۆستایانە زامن بکرێت و پرۆسەی گواستنەوەیان بۆ ئەنجام بدرێت".