بڕیارە تاکلایەنەکەى پارتى کاریگەریى لەسەر هەماهەنگیى حیزبە کوردییەکان لە بەغداد دەبێت.
چاوەڕوان دەکرێت ببێتە هۆى پەرتبوونی یەکدەنگى ئەندامانى فراکسیۆنە کوردییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران.
ڕەشنووسى بودجەى 2027 بۆ هەرێمى کوردستان بڕگەى مەترسیدار و قورسى تێدایە.
بڕیارە تاکلایەنەکەى پارتى دیموکراتى کوردستان بۆ هەڵبژاردنى دەستەى سەرۆکایەتیى پەرلەمانى کوردستان بەبێ بەشداریکردنى فراکسیۆنەکانى یەکێتى، نەوەى نوێ و یەکگرتوو و کۆمەڵ و هەڵوێست، کاردانەوەى زۆرى لێکەوتەوە.
کاردانەوەى هەرە بەهێز لەلایەن یەکێتى و سەرۆکى ئەو حیزبە بافڵ جەلال تاڵەبانى بوو کە لە پەیامێکى ڤیدیۆیدا کشانەوەى یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانى لە حکومەتى کاربەڕێکەر ڕاگەیاند.
کاریگەری لەسەر هەماهەنگى و پشتیوانى هێزە سیاسییەکان لە پڕۆژەیاساکانى پەیوەست بە هەرێمى کوردستان دروست دەکات کە گرنگترینییان پڕۆژەیاساى بودجەى گشتی و پشکى هەرێمى کوردستانە.
لێکدابڕانى یەکدەنگى ئەندامانى فراکسیۆنە کوردییەکانى ناو ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراقى لێدەکەوێتەوە.
جێنەکردنەوەی خواستەکانی هەرێمی کوردستانیش لە بودجەدا، واتە دیاریکردنی پشکی 12.7%ـی لە بودجەی گشتیی و ڕەچاونەکردنی ڕێژەی ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان کە %14.14 ـەیە، ئەمە وێڕاى ئەوەى هەموو مەرجەکانى دیکە وەک جێکردنەوەی پشکى هەرێمى کوردستان لەچوارچێوەی خەرجى کردارى و سەپاندنى مەرجى هەناردەى نەوت و پێدانى غاز.
فەرهاد ئەترووشى، جێگرى سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق پێش کۆبوونەوەکەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنى دەستەى سەرۆکایەتی بە کەناڵ8ـى گوت: دەبێت حیزبە کوردستانییەکان بەتایبەتى پارتى و یەکێتى پێکەوە کار بکەن بۆ جێگیرکردنى شایستە داراییەکانى هەرێمى کوردستان لە بودجەدا.
بڕیارى کشانەوەى یەکێتى لە حکومەتى کاربەڕێکەر کاریگەریى زۆرى لەسەر پەرتەوازەبوون و لاوازبوونی شاندنی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت، چونکە کاتێک شاند دەچێتە بەغداد، ئەگەر پشتگیری سەرجەم هێزەکانى لەپشت نەبێت، ناتوانێت بە توندی داکۆکی لە چەسپاندنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا بکات و لە ڕابرووشدا ئەوە سەلمێنراوە هەرکاتێک حیزبە کوردییەکان بەتایبەتی یەکێتی و پارتی یەکگرتوو بووبن، دەستکەوتی زۆیان بۆ کورد هەبووە و هەرکاتێکیش پەرت بووبن حکومەتە یەک لە دوا یەکەکانی عێراق بەبێ ڕەچاوکردنی تایبەتمەندییەکانی هەرێمی کوردستان خواستەکانی خۆی لە بودجەدا سەپاندووە.
کەناڵ8 نهێنیی کاراکردنەوەی پەرلەمان لەلایەن پارتییەوە ئاشکرا دەکات
کونسوڵى گشتیى فەڕەنسا ڕەتیدەکاتەوە بۆ پیرۆزبایی سەردانی پەرلەمانی کوردستانیان کردبێت