
بەگوێرەی زانیاریی کەناڵ8 لە پارێزگای نەینەوا 90 هەزار پارچە زەوی دابەشدەکرێت، لە شاری موسڵ 50 هەزار پارچە زەوی دابەشدەکرێت و لەناوچەی دامرچی بەردی بناغەکە دادەنرێت، لەسەردانەکەیدا زەیدی سەردانی چەند ناوچەیەکی دیکەی موسڵ و نەینەوا دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی شارەکە کۆدەبێتەوە.
لە ڕۆژی 10ـی تشرینی یەکەمیشدا، عەلى زەیدى لە کەربەلا و نەجەف پڕۆژەى یەک ملیۆن زەویی نیشتەجێبوونى ڕاگەیاند، یەکەمجار و هەفتەی ڕابردوو، زەیدى لە کەربەلا بەردى بناغەى دابەشکردنى 60 هەزار پارچە زەوى دانا و لە نەجەفیش، بەردى بناغەى دابەشکردنى 35 هەزار پارچە زەویى دانا.
زەیدی بەڵێنی داوە، هەر خێزانێکى عێراقى خانووى نەبێت، تاپۆى زەوییەکەى پێدەدرێت و حکومەت لە دروستکردنى خانووەکەیدا هاوکارى دەکات و هەموو خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان بۆ زەوییەکان دابین دەکرێن.
ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق، بە بڕیارى ژمارە (332) لە ڕۆژى 30ـى حوزەیرانى 2026، دەستپێشخەریى دابینکردنى یەک ملیۆن پارچە زەویى نیشتەجێبوون بە خزمەتگوزارى و ژێرخان، لە 15 پارێزگاکەى عێراق جگە لە هەرێمى کوردستان ڕاگەیاند.
عەلى زەیدى، لە کۆبوونەوەى ڕۆژى پێنجشەممە هەشتى تشرینى یەکەمى 2026، لەگەڵ سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنى نوێنەران و سەرۆکى فراکسیۆنەکان و لیژنەى دارایی ڕایگەیاند، پڕۆژەی دابینکردنى ملیۆنێک زەویى نیشتەجێبوون، یەک دینار تێچووى لەسەر دەوڵەت نییە.
سەرۆکوەزیران ئاماژەى بەوەشکرد، لە ڕێگەى دەستپێشخەرییەکەوە ملیۆنێک یەکە دەستەبەر دەکەن کە شوێنی نیشتەجێبوون بۆ شەش ملیۆن هاوڵاتی عێراقی دابین دەکات.
بە بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیران؛ یەک ملیۆن پارچە زەوی لە 15 پارێزگای عێراق دابەش دەکرێت