وەزارەتی تەندروستی چەند هۆشیارییەک سەبارەت بە مەترسیی گەرمکەرەوەکان بڵاو دەکاتەوە

پووختەی هەواڵەکە

  • زۆربەی خێزانەکان بۆ خۆگەرمکردنەوە پەنا دەبەنە بەر بەکارهێنانی سۆپای نەوت و گاز، ئەمەش دەبێتەهۆی دروستبوونی مەترسیی ئاگرکەوتنەوە.

  • ساڵانە لە وەرزی زستاندا زۆرترین ڕووداوی سوتانی نائاگایانە تۆمار دەکرێن.


لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان ژمارەی حاڵەتەکانی ئاگرکەوتنەوە زیاد دەکەن و هاونیشتمانییان هۆشیارییەکی ئەوتۆیان سەبارەت حاڵەتەکانی ئاگرکەوتنەوە نییە، وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند هۆشیارییەک سەبارەت بە مەترسیی گەرمکەرەوەکان بڵاو دەکاتەوە.


هۆشیارییەکانی وەزارەتی تەندروستی سەبارەت بە حاڵەتەکانی سووتان و ئاگرکەوتنەوە بەهۆی گەرمکەرەوەکانی ناوماڵەوە

  • لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان و دابەزینی پلەکانی گەرما لە هەرێمی کوردستان، زۆربەی خێزانەکان بۆ خۆگەرمکردنەوە پەنا دەبەنە بەر بەکارهێنانی سۆپای نەوت و گاز

  • سەرەڕای ئەوەی ئەم ئامێرانە ماڵەکان گەرم دەکەنەوە، ساڵانە لە ئەم وەرزەدا زۆرترین ڕووداوی سوتانی نائاگایانە تۆمار دەکرێن، کە زۆرجار زیانی گەورە و نەخوازراو بە منداڵان دەگەیەنن

  • دایکان وەک چاودێری سەرەکیی خێزانن، ڕۆڵێکی گەورەیان هەیە لە خۆپاراستن و دروستکردنی ژینگەیەکی سەلامەت بۆ ئەندامانی خێزانەکانیان

  • بەشێک لە خانمان بۆ خێرا گەرمکردنەوەی شۆربا، چا و ئاو، مەنجەڵ یان قۆریی چا لەسەر سۆپا دادەنێن، ئەمەش مەترسییەکی کوشندە دروست دەکات!

  • منداڵی بچووک لەناکاو جووڵە دەکات، ئەگەر تەنیا کەمێک دەست بداتە دەسکی قۆری یان مەنجەڵەکە، یان هەرشتێک کە لەسەر سۆپا دانراوە و ڕایکێشێت، هەموو شلە گەرمەکە بەسەر جەستەیدا دەڕژێت و دەبێتەهۆی سوتانی قووڵی دەستی منداڵەکە، تکایە لە وەرزی زستانەدا سۆپا بۆ گەرمکردنەوەی هیچ جۆرە خواردنێکی شل، چا و ئاو بەکار نەهێنرێت، بەتایبەت ئەو خێزانانەی منداڵی تەمەن یەک بۆ سێ ساڵانیان هەیە

  • سۆپا دەبێت لە شوێنێکدا جێگیر بکرێت کە منداڵ لە کاتی ڕاکردن یان یاریکردن نەتوانێت دەستی پێی بگات یان بیخاتە خوارەوە (بە تایبەت سۆپای گاز چونکە ئەگەر بکەوێت، مەترسی تەقینەوەی زۆپاکە و دروستبوون و بڵابوونەوەی ئاگر دروست دەکات).

  • بەکارهێنانی پەرژینی پارێزەر لە چواردەوری سۆپا ڕێگری دەکات لەوەی منداڵ ڕاستەوخۆ دەستی بەر سۆپاکە بکەوێت.

  • دوورخستنەوەی کەرەستەی ئاگرکەرەوە لەچواردەوری زۆپا، لەوانە: جلوبەرگ، پەردە، کتێب، یان یاریی پلاستیکی

  • پێش داگیرساندنی سۆپای نەوت یان گاز، دڵنیابن لەوەی بۆری و لوولەکانی سۆپای گازەکە دزە ناکەن و سۆپاکە کێشەی نییە

  • هەنگاوی سەرەتایی لە کاتی ڕووداوی سووتاندا: لە کاتی هەر سوتانێکی سووکدا، تەنیا ئاوی سارد بەکاربهێنرێت بۆ ساردکردنەوەی شوێنەکە بۆ ماوەی چەند خولەکێک ، بە هیچ شێوەیەک پێکهاتەی نەگونجاو وەکو دۆشاوی تەماتە، زەیتی چێشت نەخرێتە سەر برینەکە و بە خێرایی سەردانی نەخۆشخانە بکرێت.

زانیاریی زیاتر

بۆ دەستکەوتنی زانیاریی زیاتر دەتوانن سەردانی ئەم لینکەی خوارەوە بکەن

2 ئاگر لەشارەزوور و هەڵەبجە سەدان دۆنم پاوان و دارستانیان سووتاند | CHANNEL8

ئاسۆ فازیل

Sun Nov 08 2026

Loading related news...