د. محەممەد سەیدعەلی بەرزنجی: مەترسیی دروستبوونی بەردی زراو لە خانماندا زیاترە

پووختەی هەواڵەکە

  • وەرگرتنی چارەسەری هۆرمۆنی دوای تەمەنی لێچوونەوە لە سووڕی مانگانە، ئاستی هۆڕمۆنی ئیسترۆجین لە جەستەدا زیاد دەکات و ئەگەری دروستبوونی بەردی زراو بەرز دەکاتەوە.

  • لە کاتی دووگیانیدا ئاستی هۆڕمۆنەکانی ئیستڕۆجین و پرۆجێسترۆن بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە، بەهۆی گۆڕانکارییە هۆڕمۆنییەکان و فشاری منداڵدان لەسەر کۆئەندامی هەرس، پرۆسەی بەتاڵبوونەوەی زراو خاو دەبێتەوە، بۆیە زۆرێک لە خانمان لە کاتی دووگیانی یان دوای منداڵبوون تووشی دروستبوونی بەردی زراو دەبن.


دروستبوونی بەردی زراو بۆ چەند هۆکارێکی جیاواز دەگەڕێتەوە، بەڵام مەترسیی دروستبوونی بەردی زراو لە خانماندا زیاترە، د. محەممەد سەیدعەلی بەرزنجی، پزیشكی پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی، هۆکارەکانی دروستبوونی بەردی زراو لە خانماندا ڕووندەکاتەوە.


بۆچی مەترسیی دروستبوونی بەردی زراو لە خانماندا زیاترە بەراورد بە پیاوان؟

د. محەممەد سەیدعەلی بەرزنجی، دەڵێت '' لە پشکنینەکانی ڕۆژانەدا دەبینین کە ڕێژەی تووشبوون بە بەردی زراو لە خانماندا نزیکەی دوو تاوەکو سێ هێندە زیاترە ''، ئەمەش بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، لەوانە:

  • کاریگەریی هۆڕمۆنەکان (بەتایبەت ئیسترۆجین): بەرزیی ئاستی هۆڕمۆنی ئیستڕۆجین هۆکاری سەرەکیی دروستبوونی بەردی زراوە لە خانماندا، ئەم هۆڕمۆنە دەبێتەهۆی زیادبوونی ڕێژەی دەردانی کۆلیسترۆڵ لە جگەرەوە بۆ ناو شلەی زراو، کاتێک ڕێژەی کۆلیسترۆڵ لە شلەی زراودا لە بەشێوەیەکی بەرچا زیاد دەکات، شلەکە چڕ دەبێتەوە و کریستاڵ دروست دەکات و دواتر دەبنە بەردی زراو.

  • حەبی ڕێگری لە دووگیانی و چارەسەری هۆڕمۆنی: بەکارهێنانی حەبی دژە دووگیانی (تێکەڵەی ئیسترۆجین) یان وەرگرتنی چارەسەری هۆڕمۆنی دوای تەمەنی لێچوونەوە سووڕی مانگانە، بڕی ئیسترۆجین لە جەستەدا زیاد دەکات و ئەگەری دروستبوونی بەردی زراو زیاد دەبێت.

  • دابەزاندنی خێرای کێش یان ڕێجیمی توند: کاتی خانمان بەپەلە و بە ڕێجیمی توند کێش دابەزێنن، جگەر کۆلیسترۆڵی زیاتر دەردەداتە ناو زراو، ئەمەش پرۆسەی دروستبوونی بەردەکە خێراتر دەکات.

  • بەرزیی ئاستی هۆڕمۆنی پرۆجیسترۆن و سستبوونی زراو: هۆرمۆنی پرۆجێسترۆن دەبێتەهۆی خاوبوونەوە و سستبوونی ماسولکەکانی دیواری زراو، کاتێک زراو بە هێزی پێویست نەگوشرێت و شلەی تێدا بمێنێتەوە، شلەکە تێیدا دەنیشێت و ئەگەری دروستبوونی بەرد زۆرتر دەبێت.

خۆپارێزییەکان لە دروستبوونی بەردی زراو

  • پاراستنی کێشی جەستەی گونجاو.

  • خواردنی خۆراکی دەوڵەمەند بە پێکهاتەی ڕیشاڵی.

  • کەمکردنەوەی ئەو خۆراکانەی چەورییان زۆر تێدایە.

زانیاریی زیاتر

بۆ دەستکەوتنی زانیاریی زیاتر دەتوانن سەردانی ئەم لینکەی خوارەوە بکەن

چەند زانیارییەک لەسەر دروستبوونی بەردی زراو | CHANNEL8

ئاسۆ فازیل

Sun Nov 08 2026

Loading related news...