د. شاخەوان مەحلان: دەکرێت نەشتەرگەریی قەڵەوی وەکو چارەسەری شەکرەی جۆری دوو ئەنجام بدرێت

پووختەی هەواڵەکە

  • ئەنجامدانی نەشتەرگەریی قەڵەوی بۆ چارەسەری شەکرەی جۆری دوو پێویستی بە هەڵسەنگاندنی ورد و پشکنینی پێشوەختەیە لەلایەن پزیشکی پسپۆڕەوە.

  • بەشێک لە چارەخوازانی شەکرەی جۆری دوو تەنیا چەند هەفتەیەک دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکە، پێویستییان بە دەرمان یان دەرزی ئینسۆلین نامێنێت و ئاستی شەکری خوێنیان بە شێوازێکی سروشتی کۆنتڕۆڵ دەبێت.


لە ئێستادا لەلایەن بەشێک لە هاوڵاتییانەوە نەشتەرگەریی قەڵەوی بۆ مەبەستی جوانکاری ئەنجام دەدرێت، بەڵام د. شاخەوان مەحلان، پسپۆڕی وردی نەشتەرگەریی قەڵەوی، چەند ڕێنماییەک سەبارەت نەشتەرگەریی قەڵەوی وەکو چارەسەری شەکرەی جۆری دوو دەخاتەڕوو.


ئایا نەشتەرگەریی قەڵەوی نەخۆشیی شەکرەی جۆری دوو بنبڕ دەکات؟

بەشێکی زۆر لە چارەخوازانی شەکرەی جۆری دوو، بەتایبەت ئەوانەی کێشی جەستەیان زۆرە، ساڵانێکی زۆر دەرمان و هۆڕمۆنی ئینسۆلین بەکاردەھێنن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاستی شەکری خوێن. بەڵام لە ڕووی زانستی و پزیشکییەوە، نەشتەرگەریی قەڵەوی (وەک بڕینی گەدە یان گواستنەوەی ڕێڕەوی هەرس) نەک تەنیا بۆ دابەزاندنی کێشی جەستە بەکاردەهێنرێت، بەڵکو وەک: چارەسەرێکی کاریگەر بۆ شەکرەی جۆری دووەم تەماشا دەکرێت.

چۆن نەشتەرگەریی قەڵەوی یارمەتی بنبڕکردنی شەکرە دەدات؟

  • دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەریی قەڵەوی، ئاستی هۆرمۆنەکانی ڕیخۆلە، وەک GLP-1 بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکەن، ئەم هۆڕمۆنەش ڕاستەوخۆ بەرپرسە لە هاندانی پەنکریاس بۆ دەردانی ئینسۆلین و باشترکردنی وەڵامدانەوەی خانەکان بۆ هۆڕمۆنی ئینسۆلین.

  • دابەزینی کێشی زیادە و کەمبوونەوەی چەوریی کەڵەکەبوو لە دەوروبەری جگەر و پەنکریاس، بەهۆی ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکەوە وادەکات جگەر و پەنکریاس بە شێوازێکی سروشتی کارەکانیان ئەنجام بدەن.

ئایا دەکرێت هەموو کەسێک نەشتەرگەریی قەڵەوی بۆ چارەسەری شەکرەی جۆری دوو ئەنجام بدات؟

سەرەڕای سەرکەوتنی گەورەی ئەم نەشتەرگەرییانە، بەڵام بڕیاردان لەسەر ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکە پشت بە چەند هۆکارێک دەبەستێت، لەوانە:

  • ڕێژەی کێشی جەستە.

  • ماوەی تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرە.

  • باری تەندروستیی گشتیی پەنکریاسی چارەخوازەکە.

زانیاریی زیاتر

بۆ دەستکەوتنی زانیاریی زیاتر دەتوانن سەردانی ئەم لینکەی خوارەوە بکەن

جۆرێکی نوێی چارەسەر بۆ تووشبووانی شەکرەی جۆری دوو | CHANNEL8

ئاسۆ فازیل

Sun Nov 08 2026

Loading related news...