
ئیبراهیم رەئیسى، سەرۆککۆمارى ئێران ژمارەیەک پرۆژەى خزمەتگوزارى لە پارێزگاى سنە کردەوە و ئاشکرایکرد، بەمزووانە پڕۆژەى هێڵى ئاسنى سنە بۆ باشماخ دەستپێدەکات.
رۆژی پێنجشەممە، 2ى تشرینى دووەمى 2023، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران لەگەڵ ژمارەیەک وەزیرى کابینەکەى بەسەردانێک گەیشتە پارێزگەى سنە و بەشدارییان لە رێوڕەسمی کردنەوەی هێڵی ئاسنی سنە–هەمەدان کرد. لەسەردانەکەیدا فڕۆکەخانەی سەقزیشى کردەوە، هاوکات لەگەڵ بەشێک لە مامۆستایانى ئاینیی و شارەزایانى ئابوورى پارێزگاکە کۆبوەوە.
لەدواى کۆبوونەوەکانى، ئیبراهیم رەئیسى، سەرۆککۆمارى ئێران لەکۆنفرانسێکى رۆژنامەوانى ئاشکرایکرد، لە هەنگاوى داهاتوو دەستدەکەن بەجێبەجێکردنى پڕۆژەى هێڵى ئاسنى سنە بۆ باشماخ.
رەئیسى گوتى : "ئەمڕۆ لە رێورەسمى گەیاندنى هێڵى ئاسنینى هەمەدان بۆ سنەین، پشتیوانبەخوا هەوڵدەدەین بەزووترین کات دەستبکەین بەجێبەجێکردنى گەیاندنى هێڵى ئاسنینى سنە بۆ باشماخ و سەرسنوور".
سەرۆککۆمارى ئێران ئاماژەى بەوەکرد، تەواوبوونى ئەم هێڵى ئاسنینە، سوودى دەبێت بۆ بەستنەوەى رێگاکە بە هێڵى گواستنەوە نێودەوڵەتییەکان، تاوەکو ئاسانکاری بکات لە گواستنەوەى هاوڵاتیان و پڕۆسەى بازرگانى.
رەئیسی، جەختی لەوە کردەوە، ئەو پرۆژانەی تەواونەکراوون، پێویستە تەواوبکرێن، ئاشکرایکرد لەداهاتوو ژمارەیەک پلان و پڕۆژەی نوێیان بۆ شارەکە دەبێت.
بەگوێرەی هەواڵى ئاژانسی ئیرنا، لە سەردانەکەی سەرۆککۆمار، سەرۆکی دیوانی سەرۆککۆمار، وەزیرانی ناوخۆ، رۆشنبیری، ئیرشادی ئیسلامی، وزە، میراتی رۆشنبیری، گەشتوگوزار، رێگاوبان، گەشەپێدانی شارەکان، جیهادی کشتوکاڵی و سەرۆکی رێکخراوی پاراستنی ژینگە، یاوەریی ئیبراهیم رەئیسییان کردووە.
ئیبراهیم رەئیسی، لە بەشێکى گوتەکانى باسی لە گەشتی یەکەمی خۆیکرد بۆ کوردستان و گوتی : "لە یەکەمین گەشتم، هەوڵماندا پێداویستییەکان دەستنیشانبکەین و هەر زوو کارەکانمان لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان دەستپێکرد بەشێوەیەک ئێستا زۆرێکیان جێبەجێکراوون".
سەردانەکەى ئیبراهیم رەئیسى لەکاتێکدایە، کەپێشتر هاوڵاتیانى پارێزگاکە نیگەرانبوون لە جێبەجێنەکردن و تەواونەکردنى پڕۆژەکان لە پارێزگاکە، بەتایبەت ئەو گوندانەی تاوەکو ئێستا خزمەتگوزارى رێگاوبان، کارەبا و ئاویان بۆ دابیننەکراوە.