ڕۆژنامەی تورکیا: دەستپێکی هەنگاوە کردەییەکانی پڕۆسەکە ڕەنگە بکەونە ساڵی ئایندە

دوو خانمە گەریلاى پەکەکە لەسەر یەکێک لە چیاکانى کوردستان
دوو خانمە گەریلاى پەکەکە لەسەر یەکێک لە چیاکانى کوردستان

پووختەى هەواڵەکە

  • بەرپرسانی پەکەکە داوای گرەنتیی یاسایی دەکەن.

  • چاوەڕوان ناکرێت لە کۆبوونەوەی 27ـی ئەم مانگەی ئەنجوومەکەنە بڕیارەکە بدرێت.

  • تورکیا دەیەوێت بەرپرسانی پەکەکە ماوەیەک لە هەرێمی کوردستان بمێننەوە.

  • هەرێمی کوردستان بە گەرمی لە مانەوەی بەرپرسانی پەکەکە ناڕوانێت.


ڕۆژنامەی تورکیاى نزیک لە دەسەڵاتی وڵاتەکە ژمارەیەک زانیاریی نەبیستراو لە بارەی پڕۆسەی چارەسەریی و قۆناغەکانی ئایندەی پڕۆسەکە بڵاودەکاتەوە و بە گوێرەی زانیارییەکان هەنگاوە کردەییەکانی تایبەت بە گەڕانەوەی ئەو ئەندامانەی پەکەکە کە چەکیان داناوە، دەکەوێتە ساڵی ئایندە.


ڕۆژنامەی تورکیا نووسیویەتی:

  • لە کۆبوونەوەی 27ـی ئەم مانگەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا زانیاریی گشتگیر لە بارەى پڕۆسەی چەکدانانی پەکەکە پێشکەش دەکرێت.

  • بڕیاری تایبەت بە پشتڕاستکردنەوەی چەکدانان لە لایەن ئەنجوومەنەکەوە ڕەنگە بکەوێتە مانگی کانوونی دووەمی 2027.

کۆبوونەوەکە دەکەوێتە مانگى 1ـى 2027
ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا دوو مانگ جارێک کۆدەبێتەوە و دوا کۆبوونەوەی لە کۆتایی مانگی ئەیلوولدا بوو. بەمپێیە، ئەو کۆبوونەوەیەی ڕۆژنامەکە باسیدەکات دەکەوێتە کۆتایی مانگی یەکی ساڵی داهاتوو. تەنیا دوای بڕیاری ئەنجوومەنەکە کە تیایدا پشتڕاستی دەکاتەوە پەکەکە چەکی داناوە و بڵاوبوونەوەی بڕیارەکە لە ڕۆژنامەی فەرمییدا، ئەندامەکانی پەکەکە دەتوانن دەست بە گەڕانەوە بۆ تورکیا و باکووری کوردستان بکەن.

پێش هاتنى زستانى سەخت چى دەکرێت؟
بە گوێرەی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی تورکیا کە تیایدا پشتی بە سەرچاوە ئەمنییەکان بەستووە، چاوەڕوان دەکرێت بەر لە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا، بەر لە سەختبوونی کەشی ناوچەکە، کەمپەکانی پەکەکە لە ناوچەکانی گارە و خواکوڕکی هەرێمی کوردستان چۆڵ بکرێن و چەک و تەقەمەنیی کۆگاکانی ئەوێ لەناوببرێن. هاوکات ئەندامان و بەرپرسانی پەکەکە بۆ قەندیل بکشێنەوە. واتە دەرکردنی بڕیاری ئەنجوومەنەکە بەشێوەیەک لە شێوەکان بە چۆڵکردنی گارە و خواکوڕک لە لایەن پەکەکەوە بەستراوەتەوە.

بڕیار لە بارەى ئەوانەى ناتوانن بگەڕێنەوە
ڕۆژنامەکەی نزیک لە دەسەڵاتی تورکیا دەڵێت، هەڵوێستی بەرپرسانی باڵای پەکەکە لە قەندیل و ئەوروپا کە یاسای چوارچێوە نایانگرێتەوە و ناتوانن بگەڕێنەوە، کاریگەریی نەرێنی کردووەتە سەر پێشکەوتنی پڕۆسەکە. بە گوێرەی زانیارییەکان دەسەڵاتی تورکیا ئێستا نیازی نییە یاسایەکی نوێ بۆ ئەو کەسانە دەربکات، بەڵکو پێویست دەکات بۆ ماوەیەکی دیکە لە هەرێمی کوردستان بمێننەوە و ئەم پێشنیازەش لە لایەن دەسەڵاتدارانی حکومەت و هەرێمی کوردستانەوە بە گەرمی لێی ناڕوانرێت.

دۆسییەى شنگال
ڕۆژنامەکە هەروەها بڵاویکردووەتەوە، کارەکانی تێکەڵکردنی نزیکەی چوار هەزار چەکداری ڕێکخراوەکانی سەربە پەکەکە لە شنگال بە هێزە ئەمنییەکانی عێراق بەردەوامە و پاش تەواوبوونی کارەکانیان هەڵسەنگاندن بۆ گەڕانەوەی مەدەنییەکانی ناوچەکە بۆ تورکیا دەکرێت و دوای ئەوەشی ئەنقەرە چۆڵکردنی تەواوەتی شنگال لە چەکدارانی نزیک لە پەکەکە پشتڕاستدەکاتەوە، کەمپی باشیک بە شێوەیەکی قۆناغبەندی چۆڵ دەکرێت.

ئەندامانى پەکەکە لە گرتووخانەکان
بە گوێرەی زانیارییەکان، پاش دەرچوونی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا چوار هەزار ئەندامی پەکەکە کە لە گرتووخانەکاندان دەتوانن سوودمەند بن لە کەمکردنەوەی سزاکانیان و لە قۆناغی یەکەمیشدا لە هەرێمی کوردستان و ئەوروپاوە نزیکەی پێنج هەزار کەس دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ تورکیا.

زانیاریی زیاتر بۆ تۆ:

جەودەت یڵماز: دووان لە لیژنە لاوەکییەکانی پڕۆسەکە چارەسەرى دەستبەکاربوون

باخچەلی: پرۆسەی تورکیای بێتیرۆر لە ئایندەیەکی نزیکدا دەگاتە پایان

حکومەتی تورکیا بۆ تاوتوێکردنی پڕۆسەی چارەسەریی کۆدەبێتەوە

محەمەد عەلی

Sun Nov 22 2026

Loading related news...