سعودیە و بەحرەین بەرپەرچی هێرشی مووشەکییان دایەوە.
بەحرەین ڕایگەیاند، ئێران دامەزراوە پیشەسازییە سڤیلەکانمان بە ئامانج دەگرێت.
سعودیەش دەڵێت، موشەکێکی حوسییەکانمان لە ناوچەی ڕۆژئاوا خستەخوارەوە.
سعوودیە و بەحرەین ڕایانگەیاند، شەوی ڕابردوو ڕێگرییان لە چەند هێرشێک کردووە، کە لە لایەن ئێران و حوسییەکانەوە کراونەتە سەر هەردوو وڵات.
تورکی مالیکی، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی سعودیە ڕێگریکردن و لەناوبردنی مووشەکێکی بالیستیکی ڕاگەیاند، کە لەلایەن حوسییەکانەوە بەرەو ناوچەی ڕۆژئاوای وڵاتەکە هەڵدرابوو.
بەرگریی شارستانیی سعودیەش ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە سەبارەت بە مەترسییەکی ئەگەری لە شاری مەککە، دوای کەمێک ڕایانگەیاند کە مەترسییەکە ڕەویوەتەوە.
کەناراوەکانی ڕۆژئاوای سعودیە، ژێرخانی وزەی گرنگی وڵاتەکەن، لەو ناوچانە وێستگەی یەنبعی باشوور هەیە، کە دامەزراوەیەکی گەورەی هەناردەکردنی نەوتی خاوە و بە بۆریی نەوتی ڕۆژهەڵات-ڕۆژئاواوە بەستراوە، هەروەها پاڵاوگەی جازانیش لەو ناوچانەیە، کە دەکەوێتە باشووری ڕۆژئاوای وڵاتەکەوە.
لە بەحرەین، وەزارەتی ناوخۆ دوو ئاگاداری جیاجیای بڵاوکردەوە و هۆشداریدا لە مەترسییەکان و داوایان لە هاووڵاتییان کرد بەرەو نزیکترین شوێنی سەلامەت بڕۆن.
لە ڕاگەیێنراوێکدا، وەزارەتی ناوخۆی بەحرەین ئاماژەی بەوەکرد کە دامەزراوەیەکی پیشەسازیی سڤیلی وڵاتەکەیان لە لایەن ئێرانەوە کراوەتە ئامانج، کە بەهۆیەوە ئاگر لە ناوچەکە کەوتووە.
بە گوێرەی ڕاگەیێنراوەکە تیمەکانی بەرگریی شارستانی دەستبەجێ چوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و ئاگرەکەیان کۆنتڕۆڵکردووە.
زانیارییە سەرەتاییەکان ئاماژە بە بوونی زیانی ماددی دەکەن، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانیی لێبکەوێتەوە.
بەحرەین سەرکۆنەی هێرشەکەی ئێرانی کرد و بە "دەستدرێژیی قێزەوەن" ناویانبرد.
گوتیشیان ، "ئێران بەردەوامە لە رێبازی دوژمنکارانەی سیستماتیک بەرامبەر بە شانشینی بەحرەین".
جگە لەوەش بەرگریی ئاسمانیی بەحرەین ڕایگەیاند، سیستمی بەرگریی ئاسمانی وڵاتەکەیان ڕێگری لە ژمارەیەک هێرشی ئاسمانیی ئێران کردووە.
