
ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، شەش مانگە مووچەی بەشێک لە خانەنشینانی پێشمەرگەی دەڤەری دوو ڕاگیراوە.
سەرخێڵ نەجمەدین دەشڵێت، لەسەر داهاتی سلێمانی و بە فەرمانی قوباد تاڵەبانی پارەکەیان بۆ خەرجدەکرێت
بەشێک لە خانەنشینانی دەڤەری دووی هێزەکانی پێشمەرگە لە شارەزوور، ماوەی شەش مانگە مووچەکانیان ڕاگیراوە، ئەو کێشەیە لە وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان دروستکراوە و تائێستاش بەردەوامە، سەرخێڵ نەجمەدین، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان کە بەدواداچوونی بۆ ئەو کێشەیە و چارەسەرکردنی مووچەی ئەو پێشمەرگانە کردووە بۆ کەناڵ8 قسەی کرد.
ماوەی شەش مانگە مووچەی بەشێک لە هێزەکانی دەڤەری دووی پێشمەرگە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە ڕاگیراوە.
وەزارەتی دارایی بە بیانووی زیادە لە بڕە پارەی تەرخانکراو بۆ مووچەی هێزەکانی دەڤەری دوو، بڕی 31 ملیۆن دیناری لە مووچەی ئەو هێزە بڕیوە،.
بەهۆی ئەو بڕێنەوە بەشێک لە خانەنشینان شەش مانگە هیچ مووچەیەکیان وەرنەگرتووە.
بە فەرمانی قوباد تاڵەبانی مووچەیەکیان بۆ دابینکراوە و بڕیاریشە لە داهاتی پارێزگای سلێمانی ئەو بڕە پارەیەیان بۆ دابینبکرێتەوە، تاوەکو هیچ خانەنشینێکی پێشمەرگە بێ مووچە نەبێت.
هێزەکانی دەڤەری دووی پێشمەرگە ژمارەیان نزیکەی 50 هەزار پێشمەرگەیە، هەروەها نزیکەی 10 هەزار خانەنشینیشی هەیە. کۆی بڕی مووچەی پێشمەرگە بە هەردوو دەڤەری یەک و دوو 123 ملیار دینار و 607 ملیۆن دیناری عێراقییە، کە مووچەی خانەنشینانیش دەکەوێتە ئەم چوارچێوەیەوە.

