
نەوت و کانزاکانی هەولێر: بڕى 100 لیتر نەوت دیاریکراوە.
نەوتەکەى بەغداد بە 32 هەزار دینار دەدرێت بە هاونیشتمانییان.
بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر لە ڕاگەیەنراوێکدا هاونیشتمانییانى شارۆچکەى هەریر، شارەدێى باسرمە و بالیسان ئاگادار دەکاتەوە ئەوانەی کە کارتی ئەلیکترۆنی سووتەمەنییان هەیە، بچن بۆ وەرگرتنى نەوتەکەیان.
ئەو هاونیشتمانیانە دەتوانن سبەى بڕی 100 لتر نەوتی سپی لە بەنزینخانەکانى ڕەزگە، سورسورە، ڤانێس و سەربار وەربگرن.
نەوتەکە بە نرخی 32 هەزار دینارە.
پێویستە سەرجەم ئەو کەسانە کارتی ئەلیکترۆنی سووتەمەنی پێبێت.
ئەوەش دواى ئەوەدێت، ئەمڕۆ کاروانی تەنکەرەکانی نەوتی سپی گەیشتە کۆگاکانی نەوت و کانزاکانی هەولێر و شەوى ڕابردووش یەکەم کاروان گەیشتە پارێزگاى دهۆک.
بە گوێرەى وەزارەتى سامانەسرووشتییەکان، بۆ بەشە نەوتی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە ڕەزامەندی دراوە و یەکەمجار لە ناوچە شاخاوییەکان دەست بە دابەشکردنی نەوت دەکرێت.
بەغداد 50 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بە نرخی 250 دینار بۆ هەر لیترێک بۆ هەرێمی کوردستان دابین دەکات.
پشکی پارێزگاکان بەم شێوەیە دابەش کراوە:
پارێزگای سلێمانی، 19 ملیۆن و 314 هەزار لیتر.
پارێزگای هەولێر، 18 ملیۆن و 740 هەزار لیتر.
پارێزگای دهۆک، 10 ملیۆن و 792 هەزار لیتر.
پارێزگای هەڵەبجە، یەک ملیۆن و 154 هەزار لیتر.
هەرێمی کوردستان بە گشتی پێویستی بە نزیکەی 269 ملیۆن لیتر نەوتی سپی هەیە ئەگەر 200 لیتر بۆ هەر خێزانێک دابین بکرێت، کە تەنیا پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین پێویستیان بە 112 ملیۆن لیتر دەبێت. بەڵام ئەگەر بڕیار بێت تەنیا 100 لیتر نەوتی سپی دابەش بکرێت، ئەوا هەرێمی کوردستان پێویستی بە نزیکەی 135 ملیۆن لیتر دەبێت.

