
مانگى ڕابردوو لەلایەن هێزێکی سەر بە فەوجی دژەتیرۆری کەرکووک دوو گەنجەکە لە پردێ کوژران.
ڕووداوەکە کاردانەوەى جەماوەریى لێکەوتەوە و لە بەغدادەوە لیژنەى لەسەر پێکهێنرا.
کەسوکارى موراد و محەممەد قەرەبوو دەکرێنەوە و ماف و ئیمتیازاتى شەهیدانە وەردەگرن.
عەلی زەیدی سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، فەرمانێکی دەرکرد بۆ بە شەهید هەژمارکردنی هەریەک لە موراد زانا و محەممەد هێمن، ئەو دوو گەنجەى مانگى ڕابردوو لە پردێ شەهید کران.
سەلمێندرا بەهۆی هەڵەیەکی هێزێکی سەر بە فەوجی دژەتیرۆری کەرکووک گیانیان لەدەستداوە.
دەرکردنی ئەم بڕیارە دوای تەواوبوونی ڕێکارە لێکۆڵینەوەییەکان و پشتبەستن بە ڕاسپاردەی لیژنەی تایبەتمەند دێت.
هەردوو قوربانییەکە دەخرێنە ژێر چەتری یاسای قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی کردە جەنگی و هەڵە سەربازییەکان و کردە تیرۆریستییەکان ژمارە 20ـی ساڵی 2009ـى هەموارکراو.
کەسوکاری پلە یەکی قوربانییەکان سەرجەم ماف و ئیمتیازاتە دارایی و کارگێڕی و یاساییەکانیان بۆ دەستەبەر دەکرێت کە لە یاساکەدا هاتوون.
یاسای ژمارە 20ـی ساڵی 2009ـی هەموارکراو تایبەتە بە قەرەبووکردنەوەی هاوڵاتییانی سڤیلى عێراق کە لە دوای ساڵی 2003ـەوە بەهۆی کردە جەنگییەکان، هەڵە سەربازییەکان، یان کردە تیرۆریستییەکانەوە زیانیان پێگەیشتووە.
بەگوێرەی یاساکە، کەسوکاری شەهیدان و بریندارە کەمئەندامەکان دەخرێنە سەر دەزگای شەهیدان و مووچەی خانەنشینی، زەوی و ئیمتیازاتی خوێندن و دامەزراندنیان پێدەدرێت و کاروبارەکانیشیان لە ڕێگەی لیژنە لاوەکییەکانی پارێزگاکانەوە ڕای دەکرێن دوای پێشکەشکردنی بەڵگەنامە فەرمی و دادوەرییەکان.
ڕۆژى 27ـى تشرینى یەکەم، هێزەکانی دژەتیرۆری عێراق، لە شارەدێى پردێ لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی چەند چەکدارێکی داعش، دەستڕێژی گولــلەیان لە مارکێتێکی شارۆچکەکە کرد و بەوهۆیەوە ئەو دوو گەنجە شەهیدبوون.
لیژنەکە کارەکانی تەواوبوو; کەناڵ8 زانیاری نوێ لەسەر ڕووداوەکەی پردێ بڵاودەکاتەوە
دۆسیەى شەهیدبوونى دوو گەنجەکەى پردێ..فەرماندەیەک دوورخرایەوە

