
لەلایەن سەرمایەدارێکەوە دروستکراوە و وەک نەخۆشخانەیەکى گشتى دەخرێتە خزمەتەوە.
سەرجەم خزمەتگوزارییەکانى بەبێ بەرامبەر دابیندەکرێن.
منداڵانی خاوەن پێداویستیی تایبەت لەوێ چارەسەر دەکرێن.
نەخۆشخانەیەکی پێشکەوتووی ددان لە کەرتی تەندروستیی حکومى لە سلێمانی کرایەوە، کە لە باشترینەکانی هەرێمى کوردستان و عێراق دەبێت و خزمەتگوزارییەکانی ددان پێشکەش بە منداڵان و پێگەیشتووان دەکات.
ناوى نەخۆشخانەکە فایەق حاجی عەلییە.
لەسەر ئەرك و لەلایەن سامان حاجی فایەق بەڕێوەبەری جێبەجێكاری گروپی كۆمپانیاكانی فایەقەوە دروستكراوە.
وەك نەخۆشخانەیەكی گشتیی حكومی ڕادەستی تەندروستیی سلێمانی كرا.
پێشکەوتووترین پێداویستییەکانی پشکنین و چارەسەر بۆ ددانی منداڵان و پێگەیشتووان دابینکراون.
گرنگییەکی تایبەت بە منداڵانی خاوەن پێداویستیی تایبەت دەدرێت، وەکو منداڵانی داون، فرەجووڵەیی و بیرکۆڵی.
ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و بەرپرسانى حکومى کرایەوە.
هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، لە ڕێوڕەسمى کردنەوەى نەخۆشخانەکەدا سوپاسى سامان حاجی فایەق كرد و کە لە بوارى خزمەتگوزارییدا پشتیوانى دامەزراوەكانی حكومەتی خۆجێیی سلێمانی کردووە.