
لە ئاستی جیهانییدا، ڕێکەوتی 31ی تشرینی یەکەم، وەکو ڕۆژی هاڵۆوین دیاریکراوە، ئەو بۆنە ناسراو و دیارەی جیهان، کە بە کەشی ترسناک و پڕ لە جۆش و خرۆش دەناسرێتەوە.
هاڵۆوین کەی دەستیپێکردووە؟
ئێستا شێوەیەکی ئایینیی وەرگرتووە لە چوارچێوەی باوەڕە کریستیانییەکاندا، بۆنەیەکی کۆن و دێرینە و لە خودی ئاینی کریستیانییش کۆنترە
فێستیڤاڵێکی سێڵتیکی بووە بە ناوی "ساوین"
مێژووەکەی کۆنترە لە دوو هەزار ساڵ
بە واتای کۆتاییهاتنی وەرزی هاوین دێت و لە سەرەتای تشرینی دووەمدا ئاهەنگی بۆ دەگێڕدرێت

لەبارەی ئەم جەژنە، دوو بیروباوەڕی دیار و دێرین هەن:
یەکەمیان پیرۆزکردنی دروێنەکردنە لە وەرزی پاییزدا
دووەمیان باوەڕبوونە بە تەنکبوونەوەی بەربەستی نێوان دوو جیهانی زیندووان و مردووان
لە کۆندا، ئێرلەندییەکان، دانیشتووانی شانشینە یەکگرتووەکان و ناوچەکانی باکووری فەڕەنسا، لەم بۆنەیەدا، بە کردنەوەی ئاگر هەوڵیان داوە ڕۆح و خێوەکان دووربخەنەوە، ئەمەش پاشخانی ئەو کەشە ترسناکەیە کە ئێستا هاڵۆوین بەخۆوەی گرتووە.

لەگەڵ بەرەوپێشچوونی کاتدا:
بۆنەکە زیاتر لە وڵاتانی ڕۆژئاوا و بەدیاریکراوییش لە ئەمریکا برەوێکی گەورەی پێدراوە
لە بیروباوەڕە ئایینییەکانی کریستیانیی نزیکبووەتەوە و گرێ و بەندی زۆری ئایینیی پێوە کراوە
ساڵی 1773، سکۆتلەندییەکان هەردوو وشەی ئێوارەی پیرۆزیان لەیەکتریی داوە و لە دەستەواژەی "Holy Evening"ـەوە چەمکی "Hallow-e’en"ـیان داتاشیوە

هاڵۆوین بۆچی پرتەقاڵی و ڕەشە؟
بەگوێرەی لێکدانەوە و زانیارییەکانی کتێبخانەی کۆنگرێس لە ئەمریکا، هەردوو ڕەنگی پرتەقاڵی و ڕەش، گوزارشت لە دوو بەرەی مردن و ژیان دەکەن، ڕەش نیشانەیەکە بۆ هاتنی وەرزی زستان و نەمانی سەوزایی و بەروبووم، پرتەقاڵییش گوزارشتە لە کۆتایی وەرزی دروێنە و کۆتا هەناسەکانی ژیان.

هاڵۆوین پاڵپشتێکی گەورەی ئابورییە
لە ئاستی نیشتمانیی ئەمریکا، بەگوێرەی زانیارییەکانی فیدراسیۆنی فرۆشتنەوەی نیشتمانی، هاڵۆوین پاش بۆنەی کریسمس، دووەم گەورەترین بۆنەیە بۆ گەشەسەندنی ئابووری:
خەڵکی ئەمریکا، بە بەهای زیاتر لە 12 ملیار دۆلار، شمەک و پێداویستیی دەکڕن
بەڕێژەی %70، هاوڵاتییانی وڵاتەکە بەشداریی لە بۆنە و ئاهەنگە جیاوازەکانی هاڵۆوین دەکەن

هاڵۆوین هەوێنی دەرکەوتنی یەکێک لە ترسناکترین زنجیرە فیلمەکانە
کارەکتەری بەناوبانگی جیهانی خراپەکارانی سینەما، "مایکڵ مەیەرز" لە چوارچێوەی فیلمی هاڵۆویندا دەردەکەوێت، ساڵی 1978، لە سایەی ئەم بۆنەیەدا، یەکەم بەشی فیلمەکە دەرهێنانی بۆ کراوە و لەسەر دەستی دەرهێنەر جۆن کارپێنتەر زیندووکراوەتەوە.

فیلمی هاڵۆوین، زادەی خودی بۆنەکەیە و کەشێکی تۆقێنەری خوێناویی دەگێڕێتەوە، کە کارەکتەرێکی خراپەکار، هەر لە منداڵییەوە دەبێت بە بکوژێکی زنجیرەیی و لە بۆنەی هاڵۆویندا Rاوی قوربانییەکانی دەکات.
ئەم فیلمە، تاوەکو ئێستا خاوەنی زیاتر لە 10 بەشە و بە یەکێک لە دیارترین زنجیرە ترسناکەکانی سینەما دادەنرێت.
ئەو فیلمانەی لە هاڵۆویندا پێشنیازیان دەکەین:
The Adams Family 1991
Frankenweenie 2012
The Nightmare Before Christmas 1993
Into The Woods 2014
