
لە ئەدەب و شیعری کوردیدا، هەنار سیمبول و هێما بووە بۆ:
جوانی
ئازار
گەنجی
خۆشەویستی
لە هەردوو شیعری کلاسیک و هاوچەرخی کوردیدا، هەنار وەکو سیمبول، ئامادەییەکی زیندووی هەیە:
لە وەسفی جوانییدا، هەنار جێگەی ئەندامە سەرنجڕاکێشەکانی مێینە دەگرێتەوە، شاعیران لە وەسفی جوانییەکاندا، هەناریان بەکارهێناوە
سیمبولی جوانییە بۆ وەرزی پاییز، کە تیایدا پێدەگات و پاڵنەرە بۆ کۆبوونەوەی کۆمەڵایەتی، لە خوان و خواردنەکانی ئەم وەرزەدا دەردەکەوێت و دەبێت بە بەشێک لە شێوازی ژیانکردن، ئەمەش کاریگەریی لەسەر بەکارهێنانی هەنار و پاییز لە چوارچێوەی هەمان دەقی ئەدەبیدا دروستکردووە
3 هەنار لە 3 نموونەی شیعریی شاعیراندا:
عەزیزم ڕۆحی شیرینم لە من بۆ چی کەناری تۆ؟
وەرە سەر هەردوو چاوی من کە سەروی جۆیباری تۆ
لەسەر چاکی گریبانت سەبا شێت بوو وەکێوان کەوت
کە ڕێی کەوتە خەیابانی گوڵ و باغی هەناری تۆ
وەفایی شاعیر، لەم چوار دێڕەدا، خۆشەویستی خۆی بۆ یارەکەی دەردەبڕێت و نازی دەکێشێت، لە کەش و دیمەنێکی شیعریی فێنکدا، بای بەیانی وەکو پەیامهێنی خۆشەویستی، دەکاتە شێتی جوانیی یارەکەی کاتێک کە پێی دەگات.
شیعری "گەرمیان و داڕژانی ڕۆح" لە کتێبی چراکانی سەر هەڵەمووت، شێرکۆ بێکەسی شاعیر، گوڵی هەنار وەکو پێکهاتەیەکی سەرەکی و قۆناغی سەرەتای ژیانەوە و دروستبوون، دەکات بە سیمبولی پیشاندانی مەرگەسات و بۆ ئەنفال و لەناوچوون بەکاریدەهێنێت و لە دیمەنێکی شاعیرانەدا جوانییەکان و مەرگ کۆدەکاتەوە:
ئەبمە بێشکەیەکی جێماوی ئەنفال، ئەو وەختەی
بەراییی خۆرنشینت لە ئێوارە بێدەنگەکاندا بە ڕەنگێکی
ئەرخەوانیی کاڵ سەرتاپام ئەکا بە گوڵ هەنار، من ئیتر
ئەبم بە پەپوولەیەکی ئاڵی متی باڵ جووتکردووی سەر
پێڵووی عاشقێکی ئەنفال!
کەمالیی شاعیر، لە کتێبی شیرین و خوسرەو، لە باسی "گۆرانی گوتنی نەکیسا بە زوبانی شیرینەوە" لە زاری شیرینەوە بۆ وەڵامی نەکیسا، هەنار دەکات بە سیمبولی جوانی، لە هەمان کاتدا، هێزی بەرگریی پێ بەخشیوە:
لەم باغە هیچ کەس میوەی نەچنیوە
دەرگا داخراوە کەسێ نەیدیوە
بۆ هەناری من هەر کەس ببا دەست
دەستی لێ نادا زوو دەیکەم سەرمەست