زیاتر لە 1 ساڵ و 8 مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا تێدەپەڕێت، بەڵام ململانێ سیاسییەکان وایکردووە ئەم دامەزراوەیە نەتوانێت دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێرێت و دەست بە ئەرکە یاساییەکانی بکات.
ماوەی 20 مانگە پەرلەمانی کوردستان تەنیا یەک کۆبوونەوەی بۆ سوێندخواردنی پەرلەمانتاران ئەنجامداوە. لەو کاتەوە تا ئێستا، ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسییەکان ڕێگر بووە لەوەی دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێردرێت، ئەمەش پەرلەمانی لە ئەرکی سەرەکیی خۆی کە یاسادانانە پەکخستووە.
ئەگەرچی فەرمانبەرانی پەرلەمان ڕۆژانە دەوام دەکەن و کارە کارگێڕییەکان ڕادەپەڕێنن، بەڵام کۆنەبوونەوەی پەرلەمانتاران کاریگەریی نەرێنی لەسەر پێگەی سیاسیی هەرێمی کوردستان دروستکردووە. ئەم دۆخە نەک تەنیا کاریگەریی لەسەر مووچەخۆران هەبووە، بەڵکو متمانەی بە دامەزراوە یاساییەکانیش لاواز کردووە.
30ـی حوزەیرانی هەموو ساڵێک بە ڕۆژی جیهانیی کاری پەرلەمان دیاریکراوە و لە جیهاندا یادی دەکرێتەوە. بەڵام لە پەرلەمانی کوردستان نەک هەر هیچ چالاکییەک بۆ ئەم یادە ئەنجام نەدراوە، بەڵکو پەرلەمانتارانیش سەردانی باڵەخانەکەیان نەکردووە و چاوەکان لەسەر هەوڵی لایەنەکانن بۆ دەربازبوون لەم چەقبەستووییە.
کارانەبوونی پەرلەمان وایکردووە هەرێمی کوردستان بکەوێتە بۆشاییەکی گەورەی یاساییەوە؛ دەیان پڕۆژەیاسا و پرسی گرنگ کە پەیوەندییان بە ژیانی خەڵکەوە هەیە، چاوەڕێی خوێندنەوە و پەسەندکردن دەکەن. هاوکات، حکومەتی هەرێم لە دوای هەڵبژاردنەوە بووەتە حکومەتێکی کاربەڕێکەر و لەژێر چاودێریی پەرلەمانێکی کارادا نییە.