
حکومەتی ئیسرائیل بە گومان و دڵەڕاوکێوە چاودێری گۆڕانی هەڵوێستەکانی واشنتن دەکات بەرامبەر تاران، لە کاتێکدا مەرجەکانی ئەمریکا بۆ ڕێککەوتن کەمکراونەتەوە، تەلئەڤیڤ ترسی هەیە لەوەی ترەمپ پێش یەکلاییکردنەوەی تەواوەتی کێشەکان، ڕێککەوتنێکی "خراپ" واژۆ بکات.
لە سەرەتای جەنگەکەدا، دۆناڵد ترەمپ بەڵێنی دابوو کە پڕۆگرامی مووشەکیی ئێران، گرووپە چەکدارەکانی نزیک لەو وڵاتە و دۆسیەی ئەتۆمی بە یەکجاری کۆتایی پێبهێنێت. بەڵام دوای تێپەڕبوونی 10 هەفتە بەسەر شەڕەکەدا، مەرجەکانی واشنتن گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە و ئێستا دانوستانەکان تەنیا لەسەر دوو خاڵی سەرەکی چڕبوونەتەوە: پیتاندنی یۆرانیۆم و کردنەوەی گەرووی هورمز.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی "سی ئێن ئێن"، بنیامین نەتانیاهوو ترسی هەیە کە ترەمپ لە دانوستانەکان بێزار ببێت و لە کۆتا ساتدا سازش بکات. ئیسرائیل پێیوایە هەر ڕێککەوتنێک تەنیا پرسی ئەتۆمی چارەسەر بکات و چاوپۆشی لە مووشەکە بالیستییەکان و گرووپە چەکدارەکان بکات، جەنگەکە بە "ناتەواو" دەهێڵێتەوە. نەتانیاهوو لەم قۆناغەدا تەنیا گرەو لەسەر پەیوەندییە کەسییەکانی لەگەڵ ترەمپ دەکات، چونکە متمانەی تەواوی بە تیمی دانوستانکار (ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر) نییە.
گۆڕانی هەڵوێستی ئەمریکا کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر گوتاری نەتانیاهووش هەبووە. ئەو سەرۆکوەزیرانەی لە مانگی 2ـدا 5 مەرجی قورسی بۆ ڕێککەوتن هەبوو، هەفتەی ڕابردوو مەرجەکانی کورتکردەوە بۆ یەک خاڵ، ئەویش: "کۆتاییهێنان بە پیتاندنی یۆرانیۆم و بردنی یۆرانیۆمە پیتێندراوەکە بۆ دەرەوەی ئێران." ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەوەی تەلئەڤیڤ دڵنیایە کە واشنتن پرسی گرووپە چەکدارەکانی لە کارنامەی دانوستانەکان دەرهێناوە.
ئۆلیڤیا ویڵز، گوتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە کە ترەمپ بە تەواوی کۆنترۆڵی بارودۆخەکەی کردووە. بەپێی داتاکانی واشنتن، ئێستا ئێران لەژێر فشارێکی توندی ئابووریدایە و بەهۆی گەمارۆی سەر بەندەرەکانییەوە، ڕۆژانە بڕی 500 ملیۆن دۆلار زیان دەکات. لە بەرامبەردا، مائیر بن شەبات، ڕاوێژکاری پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل دەڵێت: "ڕێککەوتن نەکردن، زۆر باشترە لە ڕێککەوتنێکی خراپ کە ڕێگە بە ڕژێمەکە بداتەوە هێز بگرێتەوە."
لە کاتی بەردەوامی دانوستانە سیاسییەکاندا، ئیسرائیل لە ئامادەکاریی دایە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی گەورە. سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ئەگەر پرۆسەی دیپلۆماسی شکستی هێنا، پلانە سەربازییەکان بۆ لێدانی بنکە ئەتۆمییەکان، ژێرخانی ئابووری و کردنە ئامانجی سەرکردە باڵاکانی ئێران ئامادەکراون.


