گوڵزار ژنێکى دانیشتوى گوندى لە شارەدێى ئاغجەلەر لە شارۆچکەى چەمچەماڵ.
تەمەنى گوڵزار گەیشتووەتە 65 ساڵ.
بۆ یەکەمجار لە ژیانیدا هەوڵدەدات خوێندنەوە و نووسین فێرببێت.
کاتێک تەمەنی گەیشتووەتە شەست و پێنج خەزان، لە پۆلێکی گوندەکەیدا ژنێک بە ناوی گوڵزار، مێژوویەکی نوێ بۆ سپێتی کاغەزەکان دەنووسێتەوە، دەیسەلمێنێت کە مۆمی فێربوون لە هیچ کڕێوە و زریانێکی تەمەندا خامۆش نابێت.
تەنیا دەنگی پۆلێک نییە بەڵکو ترپەی لێدانی دڵێکە.
دوای نیو سەدە بە بێدەنگی زمان دەگرێت.
بە دەنگی گەرمی مامۆستا و خشپەی ناسکی قەڵەم.
هەر وانەیەک دەکەنە سەفەرێک بۆ ناو دونیای نوسین و خوێندنەوە.
گوڵزارى تەمەن 65 ساڵە بۆ یەکەمجارە خەتی پێنووسەکەی خستۆتەکار.
ئەو ناو و وشانەی ساڵانێک بوو تەنیا لە سنگیدا دەنگیان دەدایەوە.
ئێستا لەسەر کاغەز ڕەگ دادەکوتن.
ڕێگەی گوڵزار هێشتا درێژە.
ئەو لە قۆناغی دووەمی ئەم سەفەرەدایە.
ئەو ڕۆژەی پێنووسەکەی هێناو ناوی خۆی نووسی.
تەنیا ناوێکی نەنووسی بەڵکو دەرگایەکی گەورەی بەڕووی ڕووناکیدا واڵاکرد.
گۆڕانکارییە مەزنەکانی ژیان، هەمیشە بە وشەیەکی سادە دەست پێ دەکەن.
وشەیەک کە مرۆڤ خۆی دەینووسێت، خۆی دەیخوێنێتەوە و خۆی دەبێتە خاوەنی.
ماوەی پێنج مانگە گوڵزار ئێواران پێش خۆرئاوابوون خۆى بۆ ڕۆژێکی نوێ ئامادە دەکات.
ئامادەکارییەکانى گوڵزار بۆ بڕوانامە نیە، بەڵکو بۆ ڕزگاربوونە لە کۆت و بەندەکانی نەخوێندەواری.
ئەم کارە ڕێکخراوی هاواری گەڵا بە هاوکاری ڕێکخراوى وادی ئەڵمانی لە گوندەکانی سنوری شارەدێى ئاغجەلەر درێژەی پێدەدەن.
ئەم ژنانە بە خوێندنی کوردی و بیرکاری دەرگاکانی فێربوون بەڕووی خۆیاندا واڵادەکەن، لێرەوە بەرەو جیهانە فراوانەکەی دیکە کە فێربوونی زانست و زانیاریی و خوێندنەوەی بەردەوامە درێژە بەو کاروانە دەدەن کە ئێستا لە سەرەتای رێگاکەدان.