
عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران، لە دیدارێکدا لەگەڵ ژنان و کچانی پارێزگا جیاوازەکانی وڵاتەکەی جەختی لەوە کردەوە کە باڵاپۆشی بەربەست نییە لەبەردەم پێشکەوتنی ژنان و دەتوانن لە بوارە جیاوازەکاندا سەرکەوتن بەدەستبهێنن، هاوکات داوای کرد مافەکانی ژنان لە دامەزراوە حکومییەکان و کۆمەڵگەدا بەتەواوی دەستەبەر بکرێن.
ڕێبەری باڵای ئێران، ئاماژەی بەوەشکرد، کۆماری ئیسلامی ئەو بیرکردنەوەیەی پووچەڵکردووەتەوە کە بڕوایوابوو، ئەگەر ژنان باڵاپۆش بن ئەوا لە پێشکەوتن دوا دەکەون. بە بڕوای ناوبراو لە ڕوانگەی ئیسلامەوە ئەرک و مافەکانی ژن دیاریکراون و لێکدانەوەکانی قورئان لەبارەى کەسایەتی و ناسنامەی ژن بە بەرزترین و پێشکەوتووترین لێکدانەوە دادەنرێن، ڕەخنەشی لەوانە گرت کە ئاینیان هەیە، بەڵام بەباشی نەیناسیوە و تێینەگەیشتوون.
ئەم لێدوانانە لەکاتێکدان پەرلەمانی ئێران یاسای پاکیزەیی و باڵاپۆشی پەسەند کردووە کە لە 70 ماددە و 38 پاشکۆ پێکهاتووە، بەڵام بۆ جێبەجێکردنی پێویستی بە واژۆی سەرۆککۆمار هەیە. مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، تاوەکو ئێستا ئامادە نییە یاساکە پەسەند بکات و هۆکارەکەی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە نایەوێت لەڕێگەی جێبەجێکردنی یاساکەوە کێشە و گرفت لەناو کۆمەڵگەی ئێرانیدا دروست ببێت، هەر لەبارەی یاساکەوە، پێشتریش پزیشکیان رایگەیاندبوو، هەندێک خاڵی یاساکە بۆی بووەتە جێگەی پرسیار، لە رووی جێبەجێکردنەوە یاساى حیجاب ناڕوونیی زۆری تێدایە، ناتوانرێت جێبەجێبکرێت.
بەگوێرەی ماددەی 49ـی یاسا نوێیەکە، سزای توند بۆ پابەندنەبوون دانراوە کە پیاوان و ژنانیش دەگرێتەوە. لە قۆناغی یەکەمدا سزاکە پێبژاردنی داراییە کە لە 20 ملیۆن تمەنەوە دەستپێدەکات و تاوەکو 165 ملیۆن تمەن دەڕوات، لە قۆناغەکانی دیکەشدا سزای زیندانی بۆ سەرپێچیکاران دیاری کراوە.
ماددەی 50ـى یاساکە دەڵێت، لە کاتی دووبارەکردنەوەی سەرپێچییەکاندا، سەرپێچیکار لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیردەکرێت و زیندانیی دەکرێت.
لەلایەکی دیکەوە فاتیمە موهاجەرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران، جەختی کردووەتەوە کە پرسی باڵاپۆشی لای ئەوان پرسێکی فەرهەنگییە و پەیوەستە بە کۆمەڵگەی ئێرانییەوە و چەندین ڕوانگەی ئەرێنی بۆ هاووڵاتییان تێدایە.
لە دوای هاتنە سەر کارى کۆمارى ئیسلامی لە ساڵی 1979ـەوە، ژنان ناچارکراون لە شوێنە گشتییەکاندا حیجاب بپۆشن، بەڵام ئێستا بەشێکی زۆری ژنانی ئێرانی کەمتر پابەندی حیجاب دەبن، ئەوەش لە دوای ناڕەزایەتیەکانی ساڵی 2022ـى (ژینا ئەمینی)ەوە زیاتر پەرەیسەندووە.