ڤیکتۆریا تایلۆر پێشتر چەندینجار لەگەڵ سەرۆکى یەکێتى و پارتى دیدارى هەبووە.
بەبۆچوونى ئەو ئیدارەکانی پێشووی ئەمریکا هەندێک کات دەستێوەردانی یەکلاکەرەوەیان دەکرد، بەڵام ئیدارەى ترەمپ واناکات.
لەو بڕوایەدایە کێشەکانی هەرێمی کوردستان زیانی بۆ کورد و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا هەیە.
ڤیکتۆریا تایلۆر، یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ عێراق و ئێران، نیگەرانە لە دۆخی هەرێمی کوردستان و بڕیاری یەکێتی بۆ کشانەوەی لە حکومەت و دەڵێت، ئیدارەی ئێستای ئەمریکا وەک ئیدارەکانی پێشوو گرنگی بە هەرێمی کوردستان نادات و نێوەندگیری نێوان دوو پارتە سەرەکییەکە ناکات.
دوای دوو ساڵ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دانوستانەکانی پێکهێنانی حکومەت لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشمانیی کوردستان بە تەواوەتیی داڕووخاوە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، کشانەوەی حیزبەکەی لە حکومەت ڕاگەیاند.
لەو دوو ساڵەی ڕابردوودا گفتوگۆی زۆرم لەگەڵ سەرکردەی هەردوو حیزبەکە کردووە.
چ لەکاتی کارەکەمدا لە وەزارەتی دەرەوە و دواتریش لە ئەنجوومەنی ئەتڵانتیک.
هەردوو حیزبەکە نزیکبوون لە گەیشتن بە ڕێککەوتن.
لە سەرجەم سەردانەکانم بۆلای هەردوولا، تەنیا لەیەک سەرداندا گوێبیستی گلەییان نەبووم، بە سادەیی ئەو دوو پارتە بە هیچ شێوەیەک متمانەیان بەیەکتر نییە.
ڤیکتۆریا تایلۆر هۆکارێکی دیکەی دانەبڕانی نێوان پارتی و یەکێتی لە قۆناغەکانی ڕابردوودا بۆ فشارەکانی ئیدارەی ئەمریکا گەڕاندووەتەوە، بەڵام بۆچوونی وایە "ئیدارەی ترەمپ زۆر کەمتر گرنگی بە ڕۆڵی نێوەندگیر لەنێوان ئەو دوو حیزبە دەدات".
بە گوتەی ڤیکتۆریا تایلۆر، "ئیدارەکانی پێشووی ئەمریکا دەچوونە وردەکاریی سیاسەتی ناوخۆیی هەرێمی کوردستانەوە، هەندێک جاریش لەکاتی پێویستدا دەستێوەردانی یەکلاکەرەوەیان دەکرد، بۆ نموونە ئەمریکا ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی هەبوو لە ڕێککەوتنی ئ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە تشرینی یەکەمی 2024".
ڤیکتۆریا تایلۆر ئەوەشی نووسیوە، لە مامەڵەی ئیدارەی ترەمپ تێدەگات، کە بۆچی ئەمریکا دەستێوەردان بکات! ئەو کارە کەی کێشەی ئەمریکایە؟ ڕاستییەکە ئەوەیە دابەشبوون لەناو هەرێمی کوردستان، دەبێتە لاوازبوونی یەکێک لە بەهێزترین هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە عێراق.
جێگری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و ئێران ئاشکرای دەکات، "هەست بە بێهواییەکی گەورە دەکەم، چونکە ئەو هەوڵانە زیانی بۆ کورد و هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکاش هەیە".
دوکەڵى ئاگرى بڕیارە تاکلایەنەکەى پارتى لە بەغداد بەرز دەبێتەوە
کونسوڵى گشتیى فەڕەنسا ڕەتیدەکاتەوە بۆ پیرۆزبایی سەردانی پەرلەمانی کوردستانیان کردبێت