
ژمارەیەک فڕۆکەى ئیسرائیل لە نزیک ئێران مانۆڕێکى ئاسمانییان ئەنجامدا.
فڕۆکەکانی ئیسرائیل ڕێڕەوێکی فڕینیان بەسەر سووریا و عێراقدا گرتووە.
ئەکسیۆس: پێدەچێت مانۆڕەکەی ئیسرائیل ئامادەکاری بێت بۆ هێرشکردنە سەر ئێران.
بە گوێرەى زانیارییەک گەیشتووە بە کەناڵ8، مانۆڕەکە دەیان فڕۆکەی جەنگی و پڕکردنەوەی سووتەمەنیی لەخۆگرتووە، لەگەڵ نزیکبوونەوەیان لە سنوورەکانی ئێران، فڕۆکەکان ئاڕاستەکەیان گۆڕیوە و گەڕانەتەوە بۆ ئیسرائیل.
ئیسرائیل بەم مانۆڕە توانای سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئێرانی تاقیکردووەتەوە.
ئاگاداریی پێشوەختەیان هەبووە کە ئێران چاودێریی مانۆڕەکەی کردووە.
ئیسرائیل پێشوەختە ئەمریکای ئاگادارکردووەتەوە.
ئۆپەراسیۆنەکەی بە مانۆڕێکی سەربازی و ڕاهێنان ناوبردووە.
مەبەست لێی نیشاندانی هێز و ڕێگریکردن بووە لە ئێران، لە هێرشکردنە سەر ئیسرائیل پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەو وڵاتە.
ئیسرائیل هیوای خواستووە ئێرانییەکان فڕۆکەکان بکەن بە ئامانج.
تاوەکو پاساوێک بدەن بە دەستەوە، بۆ دەستپێکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر ئێران.
ئەوە لە کاتێکدایە، پێشتریش کەناڵی فۆکس نیوز ڕایگەیاند، هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل مانۆڕێکی لە ئاسمانی ئێران ئەنجام داوە.
هەفتەی ڕابردوو، ئەکسیۆس ڕایگەیاند، بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا لە سەرەتای ئەم مانگەدا ئەگەری دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنێکی گەورەیان دژ بە ئێران، پێش هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا، تاوتوێکرد.





