
سەنگەرگۆڕین لەنێوان پارتەکانی تورکیا بەردەوامە.
لە سێ ساڵی ڕابردوودا زۆرترین پەرلەمانتار ڕوویان لە ئاکپارتی کردووە.
گەورەترین لێکترازان لەنێو جەهەپەدا ڕوویدا و دوو فراکسیۆنی لێ دروستبوو.
پاش هەڵبژاردنە گشتییەکانی ئایاری 2023، پەرلەمانتارانی بەشێک لە پارتەکان ڕیزی پارتەکانیان بەجێهێشت و ڕوویان لە فراکسیۆنی پارتەکانی دیکە کرد.
ڕۆژی چوارشەممە جەمالەدین کانی تۆرون، پەرلەمانتاری سەربەخۆ کە یەکێکە لە دامەزرێنەرانی پارتی ئایندە، پەیوەندی بە فراکسیۆنی ئاکپارتییەوە کرد و لەلایەن ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی گشتیی ئەو پارتەوە، سیمبولی ئاکپارتی لە یەخەی درا.
بەو جۆرەش ژمارەی پەرلەمانتارانی سەربەخۆ بۆ 10 کەس و فراکسیۆنی ئاکپارتی بۆ 281 کەس بەرزبووەوە.
ئەوە لە کاتێکدایە ئاکپارتی لە هەڵبژاردنی 2023ـدا، 268 پەرلەمانتاری هەبوو.
واتە لە سێ ساڵی ڕابردوودا، 13 پەرلەمانتاری پارتەکانی دیکە، پەیوەندییان بە ئاکپارتییەوە کردووە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، چاوەڕوان دەکرا، کانی تۆرون پەیوەندی بە فراکسیۆنی پارتی دەمەوە بکات.
پاش ئەوەی دادگای تورکیا لە ناوەڕاستی ئەمساڵ، ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپەی لە سەرۆکایەتیی پارتەکە دوورخستەوە و کەمال کڵچدارئۆغڵوی کردەوە بە سەرۆک، ئۆزەل و 90 پەرلەمانتاری جەهەپە پارتەکەیان بەجێهێشت و پارتی نوێیان دامەزراند، بەو جۆرەش فراکسیۆنی پارتی نوێ بە 91 پەرلەمانتارەوە دراوستکرا و فراکسیۆنی جەهەپە بۆ 44 پەرلەمانتار کەمیکرد.
ئێستا ژمارەی پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی پارتەکان لە پەرلەمانی تورکیا بەم جۆرەیە؛
ئاکپارتی؛ 281
پارتی نوێ؛ 91
پارتی دەم؛ 56
مەهەپە؛ 46
جەهەپە؛ 44
ئیی پارتی؛ 27
ڕێگەی نوێ؛ 20
سەربەخۆکان؛ 10
هوداپار؛ 4
سەرلەنوێ ڕوفا؛ 3
پارتی کرێکاری تورکیا؛ 3
دەبەپە؛ 2
پارتی ڕەنج؛ 2
پارتی سەعادەت؛ 1
پارتی چەپی دیموکرات؛ 1
پارتی دیموکرات؛ 1
کۆی گشی؛ 292





