
بەگوێرەی زانیاریەک کە بە کەناڵ8 گەیشتووە، مەحموود سەرمۆردی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی شەهیدان و ئەنفالکراوانی سلێمانی ڕایگەیاند، ڕووفاتی ژمارەیەک قوربانیی ئەنفال کە لە ساڵی 2024 لە سەماوە دۆزراونەتەوە و ماوەی دوو ساڵ لە بەغداد ببوون، ڕێکارە یاساییەکانیان تەواو کرا و گەڕێنرانەوە سلێمانی.
بەڕێوەبەری پەیمانگەی پزیشکیی داد لە سلێمانی ئاماژەی بەوە کردووە، پێویستە لیستێک دروستبکرێت تاوەکو سەرجەم کەسوکاری قوربانییانی تێدا تۆماربکرێت و نموونەی خوێنیان لێ وەربگیرێت، چونکە ساڵانە ژمارەیەکیان گیان لەدەستدەدەن و لە کاتی هەڵدانەوەی گۆڕەکاندا ناناسرێنەوە.
پرۆسەی کارکردن لەسەر ئەم دۆسیەیە لە سەرەتای ئازادیی عێراق بەچڕی دەستیپێکرد، بەڵام دواتر وەک هەر بابەتێکی دیکە بووە قوربانیی ململانێی سیاسی.
دۆسیەی ڕووفاتی قوربانییانی ئەنفال یەکێکە لە دۆسیە مرۆیی و یاساییە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، کە ساڵانە بەهۆی ئاستەنگی یاسایی، تەندروستی و ململانێ سیاسییەکانەوە پرۆسەی پشکنین و هێنانەوەیان ڕووبەڕووی دواکەوتن دەبێتەوە.
ئەمڕۆ ڕووفاتی 153 قوربانیی ئەنفال دەگەڕێنرێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان
ڕووفاتی 153 قوربانیی ئەنفال دەگەڕێندرێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان