سەرکەوت کاڕەش گوتەبێژى بەرگریى شارستانیى هەرێمى کوردستان لەبارەى ئامادەکارییەکانیان بۆ وەرزى زستان بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، بەرگریی شارستانی لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان بۆ هەموو وەرزەکان پلانى خۆی هەیە کە بەگوێرەى وەرزەکانى ساڵ گۆڕانکارییان بەسەردا دێت.
لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و بارانبارینی بەخوڕی لەناکاو لە وەرزەکانی زستان و بەهاردا، چەندین شەپۆلی بەهێزی لافاو شاری هەولێر و بەشێک لە ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانی گرتەوە. ئەم لافاوانە بوونە هۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەک هاووڵاتی و زیانی ماددی گەورەیان بە خانوو، ئۆتۆمبێل، ژێرخان و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان گەیاند؛ بەتایبەتی لەو گەڕەک و ناوچانەی کە دەکەونە سەر ڕێڕەوە سرووشتییەکانی ئاوی باران یان کێشەی نەبوونی ئاوەڕۆی ستانداردیان هەبوو.
دوای ئەو ڕووداوانە، حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکان، بە سەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرگریی شارستانی و شارەوانییەکان، ستراتیژییەکی نوێیان گرتەبەر. ئەم پلانە درێژخایەنە بریتی بوو لە پاککردنەوە و فراوانکردنی بەردەوامی کەنالەکانی ئاوەڕۆ، دروستکردنی پۆند و بەنداوی بچووک لە دەوروبەری شارەکان بۆ گلدانەوەی ئاو، و گۆڕینی ڕێڕەوی ئەو لافاوانەی کە مەترسییان بۆ سەر گیانی هاونیشتمانیان دروست دەکرد، تاوەکو ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەو کارەساتانە بکرێت.
هەموو ساڵێک هەمان چیرۆک؛ لە هەولێر لافاو پردی سەرکارێزانی برد