چوار شاخەوان لە رۆژهەڵاتى کوردستان بەر هەرەسى بەفر کەوتن و چارەنووسیان نادیارە

تیمێکى گەڕان و پشکنین بەدواى شاخەوانە بێسەروشوێنەکاندا لە بەرزاییەکانى رەندۆڵ لە شارى شنۆ. فۆتۆ: کەناڵ8
تیمێکى گەڕان و پشکنین بەدواى شاخەوانە بێسەروشوێنەکاندا لە بەرزاییەکانى رەندۆڵ لە شارى شنۆ. فۆتۆ: کەناڵ8

لە رۆژهەڵاتى کوردستان چوار شاخەوان بەر هەرەسى بەفر کەوتن و تاوەکو ئێستاش چارەنووسیان نادیارە، تیمەکانى گەڕان و پشکنینیش بەهۆى زۆرى بەفر و سەرماوە گەڕانەکانیان دواخستووە.

بەگوێرەى زانیارییەکانى فەریدە وەیسى پەیامنێرى کەناڵ8 لەشارى شنۆ، بەهۆی سەرما و زریانێکی زۆرەوە، ئۆپراسیۆنی گەڕان و پشکنین لەلایەن پارێزگار و بەرپرسی مانگی سووری نەغەدە و شنۆ، بۆ رزگارکردنى ئەو چوار شاخەوانە دواخراوە.

زانیارییەکان ئاماژە بەوەدەکەن، ئەندامانی گرووپی شاخەوانی کاویانی نەغەدە، گەیشتوونەتە بەرزاییەکانی رەندۆڵ لە شاری شنۆ، بۆ یارمەتیدانی تیمەکانی رزگارکردن.

کەناڵ8 زانیویەتى، سەلام بەهمەنیا، یەکێک لە شاخەوانە بێسەروشوێنەکانە و توانیویەتى بۆ دووجار تەلەفۆن بکات، شوێن و بارودۆخی ناوچەکەی بە تەواوەتى روونکردووتەوە.

تاوەکو ئێستاش هیچ زانیارییەک لەسەر سێ شاخەوانەکەی دیکە بەناوەکانى رەزا کایشی، موحسین عەزیزی و محەمەد رۆیان بەردەست نییە.

Loading related news...