
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران داوای لە عێراق کرد، رێگە نەدات ئاسمان و خاکی وڵاتەکەی بۆ هێرشکردنەسەر تاران بەکاربهێنێت، سەرۆکوەزیرانی عێراقیش بەڵێنیداوە هاوکاریی تاران بکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرۆکایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، مەسعود پزیشکیان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەنجامدا و تێیدا داوایلێکردووە، پێویستە عێراق کاری زیاتر بکات بۆ پاراستنی سەروەریی وڵاتەکەی و رێگە نەدات ئاسمان و خاکی وڵاتەکەی لەلایەن ئیسرائیلەوە بەکاربهێنرێت بۆ هێرشکردنەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێران.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، پزیشکیان نیگەرانیی دەربڕیوە لەوەی ئیسرائیل سوودی لە ئاسمانی عێراق بینیوە بۆ هێرشکردنەسەر ئێران و پێیڕاگەیاندووە، دەبێت هەموو هەوڵێکی سیاسی و دیپلۆماسی بدرێت بۆ راگرتنی ئەو پێشێلکارییە نێودەوڵەتییەی لەلایەن تەلئەڤیڤەوە بەرامبەر عێراق دەکرێت.
لە بەرامبەردا محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانى عێراق هاوسۆزیی عێراق، حکومەت و گەلەکەی بۆ ئێران دووپاتکردووەتەوە و جەختیکردووەتەوە لە پاراستنى ئاسایش و سەقامگیریی ئێران بەوپێیەی بەستراوەتەوە بە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە، هاوکات، "پێداگیریی عێراقی دووپاتکردووەتەوە بۆ رێگریکردن لە فراوانبوونى رووبەری شەڕ."
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەشی کردووە بە هەوڵەکانیان لە سەرجەم ئاستەکاندا بۆ رێگریکردن لە بەزاندنی ئاسمانی عێراق لەلایەن ئیسرائیلەوە.
لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا سودانی بە پزیشکیانی راگەیاندووە، "عێراق ئامادەیە بۆ پێشکەشکردنی هەموو جۆرە هاوکارییەکی پێویست بۆ چارەسەرکردنی کاریگەرییەکانی ئەو هێرشانەی کە کۆماریی ئیسلامی ئێران رووبەڕووی دەبێتەوە".
بەرەبەیانی رۆژی هەینی، سوپای ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانی چڕوپڕی کردە سەر دامەزراوە سەربازیی و ئەتۆمییەکانی ئێران، هێرشەکە لەلایەن تارانەوە وەڵامدرایەوە و تاوەکو ئێستا هێرشی ناوبەناوی هەردوولا بەردەوامە و چەندین جارێک دەنگی فڕۆکە و درۆن لەئاسمانی عێراق و ناوچەکە بیستراوە و شەوی رابردووش لەسەر ئاسمانی هەولێر درۆنێک خرایە خوارەوە.